سەردێڕ:

ئاستی گەشەی بانکی ناوەندی لە مانگی ئازاردا چەند بووە؟

PM:07:45:02/04/2024

764 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئازاردا بەرزترین ئاستی فرۆشیان بە شێوەی کاش و حەواڵە هەبووە و بەراورد بە مانگی یەک و دوو تێکڕای جیاوازی فرۆش زیاتر بووە لە ملیارێک دۆلار. دەشڵێت، "ئاستی گەشەی ئابووری بانکەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی فرۆشی مانگەکە بە شێوەی حەواڵە بە رێژەی ٤٪ بەرزبووەتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی فرۆشی مانگانەوە لە سەکۆی تایبەتی فرۆشی دراوی بیانی رایگەیاند، لەماوەی مانگی ئازاردا بە تێکڕا چوار ملیار و ٤٠١ ملیۆن و ٤٤٦ هەزار و ٢٤٧ دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵە بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاستی فرۆشی کاش تەنها ٤.٩٪ رێژەی فرۆشی پێکهیناوە و هەوڵدراوە زۆرترین بڕ بە شێوەی حەواڵە بفرۆشرێت بە بازرگانان کە بە بڕی چوار ملیار و ١٤١ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار و ٩٠٩ دۆلاربووە، و بەراورد بە مانگی شوبات ئاستی فرۆشی دۆلار بە ٣.٩٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

باس لەوەش کراوە، تێکڕای ئاستی پارەدارکردنی بانکەکانی عێراق بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی کاشەوە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەداراییەکان لە ١٢٩ ترلیۆنەوە بۆ زیاتر لە ١٣١ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە. دەشڵێت، "ئاستی مامەڵەی بازرگانان و کۆمپانیا بیانیەکان لە نەختینەی مامەڵەکانیان بە دینار بەرزبووەتەوە بۆ ٥٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار کە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار".

ئەوەش خراوەتە روو، نێوان گۆڕانکاری مامەڵە داراییەکاندا لە دۆلارەوە بۆ دینار ئاستی ئابووری عێراق و پێوەرەکانی گەشەی ئابووری بەڕێژەی ٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم مامەڵەداراییەکانەوە دەتوانن ئاستی پارەدارکردن و گەڕاندنەوەی دینار بۆ بانکەکان بەرزبکەنەوە. وتیشی، "لە ئێستادا ئابووری عێراق بە رێژەی ٤.٣٪ گەشەی بەخۆیەوە دیوە و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنیی دەبێت بۆ سیستمی بانکی عێراق ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش".













گەلەری