سەردێڕ:

مووچەی لیوای پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت

PM:05:05:02/04/2024

12792 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی لیوای پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان(ژمێریاری سەربازی) رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن ژمێریاری سەربازییەوە بانکەکان ئاگادارکراونەتەوە کە رۆژی یەکشەممە ٧ـی نیسان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت.

لەو بارەیەشەوە، چاوگێک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئار تی راگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان بە وەزیری پێشمەرگە و لایەن پەیوەندیدارەکانیان راگەیاندووە کە نابێت مووچەی هێزە هاوبەشەکان دوابکەوێت و بۆ ئەومەبەستەش مانگانە لە رۆژی ١ بۆ٥ـی هەر مانگێک هاوکارییەکان دەنێرن. وتیشی، " پێمان وتراوە ئەگەر مووچەی هێزە هاوبەشەکان دوابخەن بە رێکاری سەربازی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن بە تاوانی قۆرخکاری لە مووچەی سەربازیدا".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٨ـی ئازار، دواى زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنى پارەکەى بەغدا بۆ مووچەی مانگی شووباتی مووچەخۆران لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە، وەزارەتی دارایی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی بۆ مانگی شوبات کرد.

هاوکات، سەبارەت بە مووچەی مانگی ئازار وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئازار تەواوکراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئازار.


 













گەلەری