سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: کۆی مووچەی کرێکارانی بیانی مانگانە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە

PM:04:22:31/03/2024

824 جار خوێندراوەتەوە

راویژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن سەرجەم کۆمپانیاکانی عێراقەوە مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار وەک مووچە دەدرێتە کرێکارە بیانییەکان کە لە عێرقدا کاردەکەن، بەڵام هیچ کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار نییە. وتیشی، "دەستی کاری بیانی کەم دەکەینەوە تا پارەیەکی کەمتر بچێتە دەرەوەی عێراق".


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستی کاری بیانی رۆڵێکی کاریگەری لە گەشەپێدانی ئابووری و ژێرخانی ئابووری و بیناسازی عێراقدا هەیە، لە ئێستاشدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی دەستی کاری ناوخۆیی دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانەوە مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار وەک مووچەی سەرجەم ئەو کرێکارە بیانیانە لە ژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا خەرج دەکرێت و ئەوەش هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی ناکاتە سەر نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.

باسی لەوەش کرد، لە ناوخۆی عێراقدا هەزاران دەستی کاری بیانی هەن و یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراق لەمساڵدا،کەمکردنەوەی رۆڵی دەستی کاری بیانی دەبێت.دەشڵێت، " لە رێگای هەنگاوێکی نوێوە سەرجەم کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن بە بەرزکردنەوەی دەستی کاری ناوخۆیی بۆ ٨٥٪ و تەنها دەتوانن لە کارە زۆر وردەکاندا پشت بە کرێکار و پسپۆری بیانی ببەستن".

هاوکات هەر لەبارەی پرۆژە ئابووریەکانی عێراقەوە ئەوەشی خستە روو، بەمەبەستی فراوانکردنی دەستی کار و هەلی کاری زیاتر بۆ کرێکارانی ناوخۆ، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت کراوە بە وەبەرهینان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، محەمەد نەجار راویژکاری گەشەپێدان و وەبەرهێنانی سەرۆک وەزیارنی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئین ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی فراوانکردنی ژێرخانی ئابووری عێراق گرێبەستی پیشەسازی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی ئەنجامدراوە کە هەلی کار بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەرەخسێنن.













گەلەری