سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

AM:08:37:31/03/2024

892 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرێژەی ٦٪ کەمیکردووە، نرخی نەوت دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و لە ئێستاشدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨٧ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە بەراورد بە دوێنێ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرجەم بازاڕەکانی جیهاندا پشووە، بەڵام نرخی نەوت بە رێژەی ١.٨٢٪ بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە دیوە بەتایبەت نەوتی رۆژئاوای تێکساس کە بە ٨٣ دۆلار و ١٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی رووداوەکاندا؛

ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، بەرێژەی ٦٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و شرۆڤەکارانی نەوتیش دەڵێن، ئەو دابەزینە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

هۆکارێکی تری پاڵنەری مانەوەی نرخی نەوت لە بەرزیدا، دووبارە بە ئامانجگرتن و تەقاندنەوەی کەشتیە نەوتیەکان بوو لەلایەن گروپەچەکدارەکان و لەهەمان کاتیشدا هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر کەشتییە نەوتی و کێڵگە نەوتییەکانی روسیا یەکێکی تربووە لە هۆکارەکان کە نرخی نەوتی بۆ سەروو ٨٦ دۆلار بەرزکردەوە.

هۆکارەکانی نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا؛

هاوکات لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە رێژەی ٠.٤٥٪ بۆ هەر بەرمیلێک دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش دوای ئەوەهات ئاستی یەدەگی نەوتی ئەمریکا بە رێژەی ٠.٨٪ زیاتر بوو لە رێژەی پێشبینیکراو.

هاوکات رۆژی سێشەممەی هەمان هەفتە، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە و شاندێکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئاسایش و سەقامگیربوونی ناوچەکە لە ریاز کۆبوونەوە کە ئەوە بووە هۆکاری نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ٠.٣٥ تا ٠.٤٥٪ بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت.














گەلەری