سەردێڕ:

بانکی جەی پی مۆرگان: رەنگە ئەمساڵ نرخى نەوت بگاتە نزیکەی ١٠٠ دۆلار

PM:10:21:30/03/2024

772 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن روسیاوە پێشبینی دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە ١٠٠ دۆلار، ئەمەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی خەزێنەی عێراق چونکە ٩٠٪ـی بودجەی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و لە بودجەشدا نرخى بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێنراوە.


بانکی جەی پی مۆرگان رایگەیاند، رەنگە بەهۆی بڕیاری روسیاوە بۆ بەردەوامیدان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمساڵ نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە نزیکەی ١٠٠ دۆلار.

هاوکات، کارگێڕی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرێژەی ٦٪ کەمی کردووە، بەهۆی ئەوەشەوە نرخی نەوت دەستی بە بەرزبوونەوە کرد بەجۆرێک یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨٧ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

عێراق لە رۆژێکدا سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە ئەگەر زیادەى نرخ بەراورد بە نرخی خەمڵێندراوی بودجە ١٥ دۆلاریش لە هەر بەرمیلێک بۆ خەزێنەی عێراق زیاد بکات، ئەوا مانگانە نزیکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیادە دەچێتە خەزێنەی عێراق.

پێشتر، حکومەتى روسیا رایگەیاند، لە ماوەی چارەکی دووەمی ئەمساڵدا، خۆبەخشانە ٤٧١ هەزار بەرمیلى دیکە لە رۆژێکدا لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو کەم دەکاتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ رایگەیاندبوو بە خۆبەخشانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم دەکاتەوە، کە تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵى ٢٠٢٤ درێژدەبێتەوە.














گەلەری