سەردێڕ:

نرخی دۆلار نزیک دەبێتەوە لە ١٤٥ هەزار دینار؛ ١٠٠ دۆلار بەچەند مامەڵەی پێوەدەکرێت؟

AM:10:58:30/03/2024

15364 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم پشووە، بەڵام لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو نرخی ١٠٠ دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە دیوە و بە ١٤٦ هەزار و ٨٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات بەرپرسانی بەغداش دەڵین: لەم هەفتەیەدا نرخەکەی دادەبەزێت بۆ ١٤٥ هەزار دینار.


ئەمڕۆ شەممە، لە بازاڕەکانی هەرێم نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ تا ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەبارەی دابەزینی نرخی دۆلارەوە، ئەیسەر حسێن بەرپرسی مامەڵەی دۆلار لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا نرخی دۆلار بەهۆی فرۆشی حەواڵەوە کۆنترۆڵکراوە و لە رۆژانی داهاتووشدا نرخەکەی بۆ ١٤٥ هەزار دینار دادەبەزێت.

لەلایەکی تریشەوە، عەبولزەهرە هەنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار، سەرجەم مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە دەکرێن بە دینار کە ئەوەش هاوکاردەبێت لە دابەزینی زیاتری نرخی دۆلار.

پێشتریش، مەنار عەبیدی راوێژکاری دارایی و ئابووری و ئەندامی دارایی بانکی ناوەندی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تێکڕای خەرجییەکان بە نرخی ١٤٥ هەزار دینار بەرامبەر بوو بە ٩٧ ملیار دۆلار، بەڵام لەپێناو کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی هەڵاوسان هەستان بە گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی رایگەیاند، بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو تێکڕای فرۆشی هەفتانەی لە پێنج رۆژی رابردوودا، بەرزترین ئاستی فرۆشی هەبووە کە بە تێکڕا زیاتر لە ملیاریک و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵە فرۆشراوە. دەشڵێت، "بەرزکردنەوەی رێژەی فرۆش بەشێوەی حەواڵە کاریگەری زیاتر دروستدەکات لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار".













گەلەری