سەردێڕ:

بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو؛ بانکی ناوەندی زۆرترین فرۆشی هەفتانەی تۆمارکرد

PM:10:32:29/03/2024

936 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو تێکڕای فرۆشی هەفتانەی لە پێنج رۆژی رابردوودا، بەرزترین ئاستی فرۆشی هەبووە کە بە تێکڕا زیاتر لە ملیاریک و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵە فرۆشراوە. دەشڵێت، "بەرزکردنەوەی رێژەی فرۆش بەشێوەی حەواڵە کاریگەری زیاتر دروستدەکات لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار".


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی لە رێگای سەکۆی تایبەتی خستنەڕووی هەفتانەی دراوی بیانییەوە رایگەیاند، لەماوەی رۆژانی ٢٤ تا ٢٨ـی ئازار لەلایەن حەوت بانک و زیاتر لە ٦٨ هەزار گەشتیارەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی یەک ملیار و ٢٥٩ ملیۆن و ٤٣٢ هەزار و٢١٢ دۆلار پێشکەشکراوە کە ئەوەش لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بە زۆرترین ئاستی فرۆشی هەفتانە دادەنرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە تێکڕای رێژەی فرۆشی هەفتانە، ئاستی فرۆشی کاش بە جێگیری ماوەتەوە و بە تێکڕاش ٧٢ ملیۆن و ٨٣٨ هەزار و٩٢٠ دۆلار بە نرخی هەزار و ٣٢٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک فرۆشراوەتەوە.

باس لەوەش کراوە، لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕ و رێگەگرتن لە گەڕانەوەی بازرگانانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بۆ بازاڕەکانی عێراق و هەرێم بڕی یەک ملیار و ١٨٦ ملیۆن و ٥٩٣ هەزار و ٢٩٢ دۆلار فرۆشراوە کە ئەوەش بە بەرزترین ئاستی فرۆشی حەواڵە دادەنرێت لە مێژووی فرۆشی بانکەکەدا، کە بە تێکڕا بۆ هەر رۆژێک ٢٣٧ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رۆژی ١٨بۆ ٢٢ـی ئازار لەلایەن بانکەکان و سەرجەم بازرگانەکانەوە، بە تێکڕا ٩١٠ ملیۆن و ٤٣٩ هەزار و ٨٢٢ دۆلار بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی کڕاوە کە ئەوەش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە بەرزترین فرۆشی چوار رۆژی بانکەکە دادەنرێت.

هاوکات لەبارەی دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی سەرەتای مانگی ئازاردا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بە بانکەکان و بازرگانان فرۆشراوە، کە لەو رێژەیەش فرۆشی حەواڵە ٩١.٣٪ تێکڕای فرۆشی پێکهێناوە.













گەلەری