ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بەرێژەی ٦٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و شرۆڤەکارانی نەوتیش دەڵێن، ئەو دابەزینە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئەمڕۆ هەینی، ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ راپۆرتیکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەتێکڕاش رۆژانە ١٢ ملیۆن و ٥٣٣ هەزار بەرمیل بەرهەم هاتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئاستی دابەزین لە بەرهەمهێنانی نەوت
لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بووە و بە تێکڕاش لە نێوان ٧٠٠ هەزار بۆ یەک
ملیۆن و ١٢٢ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی یەدەگی نەوتی کۆگاکانی
ئەمریکا کاریگەری نەرێنی نەکردووەتە سەر ئابووری ئەمریکا.
باس لەوەش کراوە، لە ئێستاشدا تێکڕای نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا
٤٤٨ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلە لە کۆگاکاندا کە پێشبینی دەکرێت لە هەفتەکانی
داهاتوودا بە رێژەی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە بۆ هەر هەفتەیەک.
دەشڵێت،" پێشبینی دەکەین بەردەوامبین لە بەرزکردنەوەی نەوتی کۆگاکراو بەراورد
بە ئاستی بەکارهێنانی رۆژانە و مانگانەی ئەمریکا".
لەبەرامبەریشدا، شرۆڤەکارانی نەوتی ئەمریکا لە پێنوێنی "ئۆیەڵ
پرایس" پێیان وایە کە ئاشکراکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا کاریگەری
نەرێنی دەخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە و بە رێژەی ٠.٠٦٪ نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە.
هاوکات، دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئاستی بەرهەمهێنانی
نەوتیان رووی لە دابەزین کردووە، نرخی نەوت گەیشتە ٨٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی برێنت
و نەوتی رۆئاوای تێکساسیش بەرزبووەتەوە بۆ ٨٣ دۆلار و ١٧ سەنت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە بەهۆی وەزری سەرما و سۆڵەوە
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێکی زۆری وڵاتان روو لە کەمبوونەوە دەکات و ئەوەش دەبێتە
هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تا مانگی ئازاری هەموو
ساڵێک.