سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی سێ

PM:08:03:29/03/2024

79624 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێش جەژن پارەى مووچەى مانگى سێ بۆ هەرێم دەنێردرێت و ئەگەر حکومەتى کاربەڕێکەر هاوشێوەى مانگی شووبات دەستى بەسەردا نەگرێت، دەتوانرێت بەخێرایی دابەش بکرێت.


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێکى ئاگادار لە وەزارەتى دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، وردبینى لە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمدا دەکرێت و پاشانیش بە چەند چەردەیەک پارەى مووچەى مانگى سێش بۆ هەرێم دەنێردرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە ئەگەرێکى بەهێز پێش جەژن هەموو پارەکە یان بەشێکى زۆرى بۆ مووچەی مانگی ئازار دەگات و بەشێوەى کاشیش دەنێردرێت.

وتیشی، " ئەگەر هەرێم هاوشێوەى مانگى پێشوو کێشە بۆ لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان دروست نەکات و رەزامەند بێت لەسەری، دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت مووچەى مانگى سێش دابەش بکات".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا لیستى مووچەى مانگى سێی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغدا کراوە و پێویستە هەرێم خشتەی دارایی مانگى پێشوو رەوانەى بەغدا بکات و روونیبکاتەوە پارەکەى بەغداى لە چیدا خەرج کردووە.

دوێنێ پێنجشەممە ٢٨ـی ئازار، دواى زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنى پارەکەى بەغدا بۆ مووچەی مانگی شووباتی مووچەخۆران لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی چەندین وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی تێدا نەبوو.

دواتریش، لە لیستێکی دیکەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، تەواوکاری لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە.

هەر لەوبارەیەشەوە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی مووچە پێش بڵاوکردنەوەی دەستکاری کراوە، بەهۆی رازینەبوونی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر بە لیستەکە.













گەلەری