سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: دەبێت بازرگانان بە کارتی ئەلکترۆنی هاوردە و هەناردە بکەن

PM:05:58:29/03/2024

3256 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکان پێویستە سەردانی وەزارەت و دەستەی گومرگی عێراق بکەن بۆ دروستکردنی کارتی هاوردەکردن و هەناردەکردن، بەپێچەوانەوە مافی هاوردە و هەناردەیان نامێنێت. دەشڵێت،" سەرجەم بازرگانان دەخرێنە ژێرچاودێری هاوردە و هەناردەی بانکییەوە".


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە گوێرەی یاسای هاوردە و هەناردەکردنی عێراق و ماددەی ٢٠ـی یاسای دەستەی گومرگ، مامەڵەی هاوردەکردن و هەناردەکردن رادەگیرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر بازرگان و کۆمپانیایەک بیەوێت پڕۆسەی بازرگانییەکەی کە هاوردەکردن و هەناردەکردنە بەردەوامبێت، دەبێت سەردانی دەستەی گومرگ بکات بۆ دروستکردنی کارتی بازرگانی هاوردەکاران یاخود هەناردەکارانی عێراق.

باس لەوەش کراوە، هەر بازرگانێک هەڵگری ئەو کارتە بازرگانییە ئەلیکترۆنییە نەبێت، لەکاتی هاوردەکردن و هەناردەکردندا رووبەڕووی رێکاری یاسایی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی سامانی وڵات دەکرێتەوە.

لەو بارەیەشەوە، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی تاوتوێی کردنەوەی دوو سەکۆی تایبەتیان بە هاوردەکردن و هەناردەکردن کردووە، بە گوێرەی پلانەکانیشیان چیتر بازرگانان بەبێ رەزامەندی بانکی ناوەندی ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن.

باسی لەوەش کرد، ئەو هەنگاوەی سودانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ کۆتاییهێنانە بە سەرجەم مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان کە دەکرێت بە هۆیەوە دۆلار یاخود هەر دراوێکی دیکە سپی بکرێتەوە. دەشڵێت، " لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکان لە مانگی ئایارەوە سەکۆکە لە ژێر سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەچێتە بواری جیبەجێکردنەوە و لەو وادەیەوە هاوڵاتییان و بازرگانان بۆ هەر هاوردەکردنێک و هەناردەکردنێکی کاڵاکانیان دەبێت مۆڵەت لە بانکەکە وەربگرن".













گەلەری