سەردێڕ:

پۆلیسی راپەڕین: جوڵە بەهێزەکانمان دەکەین

PM:05:10:19/07/2021

24772 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی راپەڕین ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە قەڵادزێ جوڵە بە هێزەکانیان دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، هەندێک کەس لەکاتی قوربانی و سەربڕینی ئاژەڵدا پاشەڕۆکانیان دەکەنە ئاوەکەوە یان لە چواردەوری ئاوەکە فڕێی دەدەن، لەو بارەیەوە دەڵێت، سەرپێچیکار سزادەدرێت.


پۆلیسی راپەین لە ئاگادارییەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "سەرجەم هاوڵاتیانی سنوری قەزای پشدەر ئاگادار دەکەینەوە هەر کەسێک پاشەڕۆی ئاژەڵ بکاتە ئاوی زێی بچوک یان لە دەوروبەری ئاوەکە فڕێی بدات یاخود لەوێ ئاژەڵ سەرببڕێت؛ ئەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بۆ هەمان مەبەست هێزەکانمان لە قەڵادزێ و قەزای پشدەر بە ناحیەکانیشەوە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن بۆ چاودێریکردنی چڕی ئاوی زێی بچوک."

ئەوەش هاتووە، "سبەینێ کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان هێزەکانمان بە جلی سەربازی و مەدەنی بەدرێژای ئەو سنورەی دەکەوێتە قەزای پشدەر چاودێری زێی بچوک دەکەن و هاوڵاتیانیش ئاگادار دەکەینەوە هەرکەسێک سەرپێچی کرد هێزەکانمان ئاگادار بکەنەوە."

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاندووە، ئەو ئاوە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵادزێیە و لە ئاوی زێی بچوک و لەرێگای پڕۆژەی ئاوی خاس دابیندەکرێت، بۆیە پیسبوونی ئاوەکە دەبێتە هۆی گواستنەوەی چەندین نەخۆشی و بەمەش مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی شارەکە دروست دەکات."

ئەوەش لە کاتێکدایە، سبەینێ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بۆ ئەو مەبەستەش بەشێکی هاوڵاتیان قوربانی ئەنجامدەدەن، کە هەندێک لە سەربڕەکان یان لە هاوڵاتیان پاشەڕۆی ئاژەڵەکان لە شوێنی گونجاودا فڕێنادەن و دەیخەنە ئاوی زێی بچووک یان دەوروبەری ئاوەکە.













گەلەری