سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هاوڵاتییان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

AM:11:40:19/03/2024

24640 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوای سبەی داوا لەو شۆفێران دەکەن خۆیان بە دوور بگرن لەو شوێنانەی کە ئاو تێیدا کۆدەبێتەوە و سەردانی ناوچە شاخاوییەکانیش نەکەن. دەشڵێت، "سبەی هیچ مامەڵەیەکی هاوڵاتییان بەڕێ ناکەین".


ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بلاوکردەوە، بەهۆی ناسەقامگیری کەشوهەوا سبەی سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادە باشیدا دەبن بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییان و ناتوانن هیچ مامەڵەیەک رایی بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە هاوڵاتییان دەکەن سەردانیان نەکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ناسەقامگیری کەشوهەوای سبەی چوارشەممە، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەنەوە لەپێناو پاراستنی ژیانیان، خۆیان بە دوور بگرن لەو شوێنانەی کە ئاو تێیدا کۆدەبێتەوە و سەردانی ناوچە شاخاوییەکانیش نەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە تاوەکو ئێستا لە دهۆک دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و کەشناسی هەرێمیش هۆشداری بەپەلە دەداتە هاوڵاتییان و رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین بەهێزتر دەبێت و تاوەکو کاتەکانی نیوەڕۆ و بەدواوە ناوچەکانی دیکەی هەرێمیش دەگرێتەوە.
شـ.جـ













گەلەری