سەردێڕ:

بەرگری شارستانی دهۆک: بەهۆی لافاوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا

AM:10:43:19/03/2024

7200 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی لافاوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ئاو چووەتە ناو ماڵی چەندین هاووڵاتییەوە. دەشڵێت، " زیاتر لە ١٠ ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون".


ئەمڕۆ سێشەممە، بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە گەڕەکی نزارکێی دهۆک دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

بەرگری شارستانی دهۆک ئاگاداری هاوڵاتییانیش دەکاتەوە، بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیاندا نەچنە دەرەوە، لەبەر ئەوەی کەش ناجێگیرە.

ئەوەشی ختسووەتەڕوو، باران بەردەوام دەبارێت و خێرایی با زیادی کردووە و لافاو لەسەر شەقامەکاندا دروستبووە، کە ئەوەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری روودانی رووداوی نەخوازراو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دوێنێ دووشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە هەرێم کردووە و کەشناسی ئاماژەی بەوە کردبوو، بەهۆی زۆری بڕی بارانبارینەوە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و هۆشداری ئەوەشی دایە هاوڵاتیان کە لەناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە و ئۆتۆمبێل رانەگرن، چونکە ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو ناوچانە زیاترە و بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت و هاوڵاتیان لە کاتی بەکارهێنانی رێگە سەرەکییەکاندا هۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێت رێگەكان بەکارنەهێنرێن.

بڕیار نێروەیی - دهۆک












گەلەری