سەردێڕ:

بەغدا بڕێک پارەی دیکەی بۆ هەرێم نارد؛ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت؟

AM:10:36:19/03/2024

97048 جار خوێندراوەتەوە

بەغدا یەک ملیار و نیوی دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی هەرێم و چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بە گەیشتنی ئەو پارەیەش دەست بە دابەشکردنی مووچە ناکەن.


لەپاڵ ٥٦٠ ملیار دینارەکەی عێراقدا کە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نێردراوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق یەک ملیار و ٥٠٢ ملیۆن دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم.

چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیە جیاوازی حساباتی مانگی شوباتە و هەندێک وەزارەت کەموکوڕی لە پارەکەیاندا هەبووە.

وتیشی، ئەو پارەیە کەمە و کاریگەری لەسەر ئەوە دروست ناکات کە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە عێراق بڕی ٥٦٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە و حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و دابەشی ناکات.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە، مووچەخۆران لە مانگی ٣ دان و ئەم مووچەیەی بڕیارە وەریبگرن مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە. جیا لەوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچە دابەشنەکراوە.

هێرش قادر، هەولێر
هـ.ئـ













گەلەری