سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین بایکۆتی کارەکانیان کرد

AM:10:21:19/03/2024

968 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی راپەڕین بایکۆتی کارەکانیان کردووە.


ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کارمەندانە باس لەوەدەکەن، چیتر ناتوانن بەبێ مووچە دەوام بکەن و بەردەوام بن لە کارکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچەیان پێنەدراوە و ئەو کارمەندانە باس لەوەدەکەن، دابەشنەکردنی مووچە دۆخی ژیانیانی سەختتر کردووە و کار و ژیانیانی راگرتووە.

ئەو کارمەندانە بەدەر لە دواکەوتنی مووچە باس لەوەشدەکەن، نایانەوێت هەژماری بانکی پرۆژەی "هەژماری من" بکەنەوە و متمانەیان بەو پرۆژەیە نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر لە دوێنێوە چەند فەرمانگەیەکی دیکەی رانیە بایکۆتی کارەکانیان کردووە.

بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە عێراق بڕی ٥٦٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە و حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و دابەشی ناکات.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە، مووچەخۆران لە مانگی ٣ دان و ئەم مووچەیەی بڕیارە وەریبگرن مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردووە. جیا لەوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە مووچە دابەشنەکراوە.

سابر عەبدوڵا - راپەڕین

 













گەلەری