سەردێڕ:

بایکۆتی بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بەردەوامە

AM:08:53:19/03/2024

2452 جار خوێندراوەتەوە

بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەک؛ بایکۆتی بەشێک لە فەرمانگەکان دژی دواکەوتن و پێنەدانی مووچە لە سنووری سلێمانی بەردەوامە.


ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەشێک لە فەرمانگەکان لە سنووری سلێمانی بەتەواوی بایکۆتی دەوامیان کردووە و ئەو فەرمانگانەشی دەوامیان تێدا دەکرێت بەشێک لە کارمەندەکانیان نەچوونەتەوە سەر کارەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، کارمەندانی ئەو فەرمانگانە باس لەوە دەکەن، بەهۆی ئەوەی ماوەی ٥٠ رۆژە مووچەیان وەر نەگرتووە ناتوانن بەگوێرەی پێویست بژێوی و پێداویستییەکانی خێزانەکانیان دابین بکەن.  

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، خانەنشینی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا، دادنوسی بەکرەجۆ، بنکەی تەندروستی سەروەری و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ دژی پێنەدانی مووچەکانیان دەوامیان راگرت.

سەرباری ئەوەی ماوەی هەفتەیەکە بەغدا پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەردا گرتووە و تا ئێستا ئامادە نییە بەو پارەیە و داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکات و چاوەڕێی بەغدایە پارەی دیکەی بۆ بنێرێت.

مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ٣ دان و ئەم مووچەیەی کە وەریدەگرن مووچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو دەبێت. ئەمەش بەو واتایە دێت، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، کە مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو بووە و ماوەی نزیکەی ٥٠ رۆژیشە هیچ مووچەیەک بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکراوە.

گۆران لوقمان- سلێمانی 

 













گەلەری