سەردێڕ:

لەبارەی دروستبوونی لافاوەوە؛ شۆفێران ئاگاداردەکرێنەوە

PM:11:17:18/03/2024

14968 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی لافاوەوە، هاتوچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە لەو شوێنانە ئۆتۆمبێل رانەگرن کە مەترسی دروستبوونی لافاویان تێدا هەیە بە تایبەتی نزیک پردی سەیداوە. هاتوچۆی راپەڕینیش رایگەیاند، داوا لە شۆفێران دەکەن دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی رێگای گۆمەسپان-سماقوڵی.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکەنەوە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەوا و دروستبوونی لافاوەوە لەو شوێنانە ئۆتۆمبێل رانەگرن کە مەترسی دروستبوونی لافاویان تێدا هەیە بە تایبەتی نزیک پردی سەیداوە.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین بڵاویکردەوە، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی توندی بارانبارینەوە و مەترسی دروستبوونی لافاوەوە، داوا لە شۆفێران دەکەن دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی رێگای گۆمەسپان-سماقوڵی.

لەوبارەیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی سبەی بارانبارینی بەخوڕ لە سەنتەری شاری هەولێر لە کاتژمێر ١:٠٠ـی دوانیوەڕۆوە دەستپێدەکات و لەو کاتەدا دەوام کۆتایی دێت بەو هۆیەش سبەی لە پارێزگاکە پشوو نییە.

هاوکات، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە درەنگانی ئەمشەودا بە هۆی بارانی زۆر و ئەگەری روودانی لافاو هەیە و بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێ و شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز روو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەکات.













گەلەری