سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزبووەوە

AM:08:17:18/03/2024

776 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی نەوت لە ئێستادا یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٦٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە ٣٠ سەنت لە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی نەوت، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس بە ٨١ دۆلار و ٤١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە دوێنی نرخەکەی ٣٧ سەنت بەرز بووەتەوە.

شەوی ١٤ـی ئازار نرخی نەوت بەڕێژەی ١.٥٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ٣٠ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تیکساس بە ٨١ دۆلار و ١٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری بەرزبوونەوەکانی نەوت بە رێژەی ٤٪ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماوەی شەش مانگە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرژییەکانی دەریای سوور لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە، ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار، و هیرشەکانی ئۆکرانیاش بۆ سەر کەشتیە نەوتی و کێڵگە نەوتیەکانی روسیاش نەوتی گەیاندووەتە سەروو ٨٥ دۆلارەوە.

لەلایەکی تریشەوە چاودێرانی ئابووری عێراق ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی نەوتی خاو لە کۆگاکانی ئەمریکادا و زۆربوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو هاوکات فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی بەردەوامە.

دەشڵێن، " سەرەڕای ئەوەی کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی نەوتی عێراق بەرێژەی ٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام بەهۆی پابەند بوون بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانە داهاتی نەوتی وەک خۆی دەمێنێتەوە لە سەر ئاستی مانگەکە".













گەلەری