سەردێڕ:

راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە

PM:04:44:12/03/2024

85112 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەغدا تەنها ٪٥٩ــی مووچەی مووچەخۆرانیان کردووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێم و تا ئێستا بڕیار لەسەر ناردنی ٪٤١ـی مووچەی مووچەخۆران نەدراوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە رۆژی ٥ـی ئازار داوایان لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد بڕی ٩٤٩ ملیار و ٨١٣ ملیۆن دینار بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی دارایی هەرێم.

 ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە دەکاتە رێژەی ٥٩٪ـی کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بە رێژەی ٤١٪ـی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێردراوە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە ئێستادا بە نزیکەی ٣٩٠ ملیار دینار کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچەدا دروست بووە و ئەوەش گرفتی گەورەی دارایی دروست دەکات و دەبێتە هۆی بێبەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران لە وەرگرتنی مووچەکانیان.

راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کاتێکدایە، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆی بە تەواوی لەبەردەستدایە کە بە زیادەوە بەشی دابەشکردنی مووچە دەکات، بەڵام ئامادە نییە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی خەرج بکات و چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغداوە.


 













گەلەری