سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی رێژەی فرۆشی کاش

PM:02:18:03/03/2024

904 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشی دۆلاری کاش و جارێکی دیکە بانکی ناوەندی فرۆشی کاشی بەرزکردەوە بۆ زیاتر لە ٣٨ ملیۆن دۆلار و بە تێکڕاش زیاتر لە ٢١٦ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە فرۆشی دراوە بیانییەکانی عێراق رایگەیاند، لە تێکڕای خستنەڕووی رۆژی ٣ـی ئازاردا ٢١٦ ملیۆن و ٩٨ هەزار و ٥٤٤ دۆلار بە نرخی فەرمی هەزار و ٣١٠ دینار فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەلایەن بانک و گەشتیارانەوە بە تێکڕا ٣٨ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار دۆلار بەشێوەی کاش کڕاوەتەوە و ئەوەش بە چوارەم بەرزترین فرۆشی کاش دادەندرێت لە ماوەی مانگێکدا.

ئەوەش خراوەتە روو، ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی کەمیکردووە و بە تێکڕا ١٧٧ ملیۆن و ٨٧٥ هەزار و ٥٤٤ دۆلار کڕدراوەتەوە بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی و ئەوەش بە نزمترین ئاستی فرۆشی حەواڵە دادەندرێت لە مانگی رابردوودا.

هاوکات بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی بە دۆلار بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دراوی یۆرۆ و یێنی چینی و لیرەی تورکی لەگەڵ درهەمی ئیماڕاتی و روپیەی هیندییان وەکو جێگرەوەیەک بۆ دۆلاری ئەمریکی بۆ بازرگانان دابین کردووە تاوەکو بۆ کاری بازرگانی بەکاری بهێنن.

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا لەلایەن بانکەکانەوە داواکاری بۆ کڕینی زیاتر لە ملیارێک دۆلار پێشکەشکراوە و بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە ٢١٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە لەو رێژەیەش ١٥٪ بەشێوەی کاش بووە کە ئەوەش بەرزترین ئاستە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

لە ئێستاشدا دوای بەرزکردنەوەی رێژەی فرۆشی دۆلار نرخی ١٠٠ دۆلار بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ ٤٥٠ دینار دابەزیوە و بە ١٥٠ هەزار و ٣٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت بۆ جۆری پێنج هەزاری.













گەلەری