سەردێڕ:

مێتا ئەم بەکارهێنەرانەی فەیسبووک قەرەبوو دەکاتەوە

PM:06:45:30/07/2023

2200 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای مێتا بەهۆی نەپاراستنی تایبەتمەندییەکانیان ئەو بەکارهێنەرانەی فەیسبووک قەرەبوو دەکاتەوە کە هەژمارەکانیان لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٢ کارا بووە.


ئاژانسی هەواڵی سی ئێن بی سی بڵاوی کردووەتەوە، پاش ئەوەی کۆمپانیای مێتا لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوی کردەوە، کۆمپانیای کامبریدج ئەنالیتیکا بۆ راوێژی سیاسی توانیویەتی بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی بەکارهێنەرانی فەیسبووک ببات و بۆ مەبەستی خۆی بەکاری بهێنێت، مێتا دەیەوێت قەرەبووی ئەو بەکارهێنەرانە بکاتەوە.

مێتا باسی لەوەکردووە، کۆمپانیای کامبریدج ئەنالیتیکا بۆ راوێژی سیاسی توانیویەتی زانیاری لەسەر ٨٧ ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک کۆبکاتەوە و مێتاش داوای یاسایی لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار کردووە.

ساڵی رابردوو مێتا بڕیاریدا ٧٢٥ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بۆ ئەو بەکارهێنەرانە دابین بکات و لەمساڵیشدا قەرەبووەکە دەداتە بەکارهێنەرەکان.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی سی ئێن بی سی، تاکو مانگی داهاتوو بەکارهێنەرانی فەیسبووک دەتوانن داوا پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکانیان وپێویستە ئەو کەسەی داواکاری پێشکەش دەکات هەژمارێکی کارای فەیسبووکی لەنێوان ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٢دا هەبوو بێت.

مەرجێکی دیکەی پێشکەش کردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکە ئەوەیە ئەو بەکارهێنەرە لەو ماوەیەدا لە ئەمەریکا ژیابێت، چونکە تەنیا زانیاری ئەو بەکارهێنەرانە دزەیان پێکراوە کە لە ئەمەریکا ژیاون.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، لە ساڵی ٢٠١٨ کۆمپانیای فەیسبووک کە دواتر ناوەکەی بۆ مێتا گۆڕدرا رایگەیاند، کۆمپانیای کامبریدج ئەنالیتیکا بۆ راوێژی سیاسی توانیوییەتی زانیاری لەسەر ٨٧ ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک کۆبکاتەوە.

کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٦دا یەکێک بوو لە پاڵپشتەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتی دا.













گەلەری