سەردێڕ:

کاردانەوەکانى سوتاندنى قورئان بەردەوامن؛ تەنها لە سنورى عێراقدا نەماوەتەوە

PM:11:08:21/07/2023

3444 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەى هەوڵى سوتاندنى قورئان و ئاڵاى عێراق لەلایەن گەنجێکى عێراقی پەنابەرى سوید بەناوى سەلوان مۆمیکا پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانى بەغدا و ستۆکهۆڵمى تائاستى پچڕان برد، حکومەتى سوید باڵیۆزخانەکانی لە عێراق گواستەوە بۆ ستۆکهۆڵم و دەڵێت لەوێوە بەشێوەیەکى کاتى کارەکانى دەکات.


هاوکات، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی سوتاندن و بێڕێزیکردن بەرامبەر قورئان دەکات و کاری نوێنەرایەتیەکەی لە سوید هەڵپەسارد.

لە سەروبەندى دەنگۆکانى هەڕەشەى عێراقیش بۆ دەرکردنى کۆمپانیاکانی سوید لە وڵاتەکە، راوێژکارێکى سەرۆک وەزیران دەڵێت، حکومەت ڕێز لە هەموو ئەو ڕێککەوتن و گرێبەستانە دەگرێت کە لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەو وڵاتە ئەنجامی داوە.

فەرهاد عەلادین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوەی عێراق بە میدیا عێراقیەکانى راگەیاندووە مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سویدی بۆ پەیوەندییەکان رانەگیراوە

رووداوەکە تەنانەت لەسەر ئاستى سویدیش کاردانەوەى لێکەوتەوە و سەلوان مۆمیکا دەڵێت، تەنانەت لە بەشێک لە مارکێتەکان خەڵکى ئامادەنین شتى پێبفرۆشن.

لەسەر ئاستى جیهانى ئیسلامی و نێودەوڵەتیش کاردانەوەکانی رووداوەکە فراوانتر بوون و شێخی ئەزهەر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوید دەیکەن لە بەردەوامبون لە پێدانی ڕەزامەندی بۆ سوتاندنی کتێبی خودا ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە، توندڕەوی ڕقاوی، پشتیوانی لە تیرۆر و دوژمنایەتی موسڵمانانە لە سەرتاسەری جیهاندا."

داواشی لە هەمو گەلانی عەرەبی و ئیسلامی کرد کە بەردەوام بن لە بایکۆتکردنی هەمو بەرهەمە سویدییەکان.

هەر لەو سەر و بەندەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان سەركۆنەی كاری نالێبوردەیی و ترسان لە ئیسلام دەكات و پاڵپشتی بۆ كۆمەڵگەی ئیسلامی دەردەبڕێت، راشیگەیاند، رق و كینەی ئاینی دەبنە مایەی جیاكاریی و توندوتیژیی و دوژمنایەتی.













گەلەری