سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان ئاشکرا دەکات

PM:02:22:08/05/2022

33796 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان دەکرێت. دەشڵێت، "سەرەتا وەزارەتی تەندروستی موچە وەر دەگرن".


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هاوشێوەی مانگی رابردوو وەزارەتی تەندروستی یەکەم وەزارەت دەبێت موچەیان پێدەدرێت و بەهەمان میکانیزمی مانگەکانی پێشوو دابەش دەکرێت.

دوا بەدوای هەواڵەکەی ئێن ئاڕ تی، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە کە لەماوەی ٢١ رۆژدا بەگوێرەی خشتەکە موچەی سەرجەم وەزارەت و دەزگا و دەستە و سەرۆکایەتییەکان دابەشدەکات.

لە رێکەوتی ٥ی ٥ی ٢٠٢٢ چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارەی تەواویان لەبەردەستە بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدایە و تەنها بڕێکی کەمی ماوە، کە بە گەڕانەوەی داهاتی ئەم چەند رۆژەی خاڵە سنورییەکان پارەکە دابیندەکرێت.

وتیشی، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی موچە و پلانەکان بەو جۆرەن؛ ئەگەر گرفتی هونەر نەبێت سەرەتای هەفتە لیستی موچە رابگەیەنن.

ئەوەشی خستەڕوو، لیستی دابەشکردنی موچە هاوشێوەی مانگی رابردوو دەبێت و بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە نەیانتوانیوە لەم چەند رۆژەدا موچە دابەشبکەن. جگە لەوەی بەشێکی موچەخۆران موچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە، بەبیانووی ئەوەی پارە لە بانکەکاندا نەمابوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو موچەیەی حکومەت بڕیارە دابەشیبکات موچەی مانگی نیسانە؛ لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم نزیکن لە ناوەڕاستی مانگی ئایار. لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەک بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر، بەڵکو دابەشکردنی موچە مانگێک لەدوایە.

جگە لەوەی سیستمی دابەشکردنی موچە خراپە و بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنەکە دوادەکەوێت؛ ئەو گرفتەش زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە و تەنها لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، چەندین خانەنشین برینداربوون و لەلایەن پاسەوانانی بانکەکانەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت و پاڵیان پێوەدەنرێت یاخود داری کارەباییان لێدەدەن.














گەلەری