سەردێڕ:

راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکەی داعشەوە

AM:08:34:06/05/2022

7880 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی رابردوو لە سنووری میحوەری پێنجی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چەکدارانی داعش بە چەکی قەناس پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١٠ی پیادەیان داوە لە باشووری میحوەری پردێ و لە ئاکامی رووداوەکەش پێشمەرگەیەک بریندار بووە.


لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە و لە رێگەی چەکی قەناسەوە پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١٠ی پیادەیان داوە لە باشووری میحوەری پردێ، هێزەکانی پێشمەرگەش بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە.

دوابەدوای ئەو هێرشەش، درەنگانی شەوی رابردوو لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر ناوچەی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەمان ناوچە پێشمەرگەیەک برینداربووە.

هاوکاتی ئەو رووداوە، شەوی رابردوو شەماڵ عەبدولرەحمان بەرپرسی ئاسایشی ناحیەی کۆکز بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ناحیەی کۆکز لە جەلەولا چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر فەوجی مغاویری سەربازانی عێراق و بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی کوژراوە و سەربازێکی دیکە برینداربووە.

ھەرچەندە لەساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق کۆتاییھاتنی داعشی راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانی سەر بەو گروپە ھێرش دەکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا ھێرشەکانیان زیاتر کردووە.

ل.ل













گەلەری