لە مانگی رەمەزاندا چ کاتێک گونجاوە بۆ خواردنی شیرینی بە بێ ئەوەی زیان بە جەستە بگەیەنێت؟

PM:03:27:28/03/2024

8420 جار خوێندراوەتەوە

ئاستی شەکری خوێن لە مانگی ڕەمەزاندا دادەبەزێت بەهۆی نەخواردنی خواردن لە ماوەی بەڕۆژوو بوونەکەدا، هەر ئەمەش وایکردووە بەڕۆژووان پەنا بۆ خواردنی شیرینی زۆر ببەن دوای ڕۆژوو شکاندن.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " alaraby" دا، باس لەوە دەکات چ کاتێک گونجاوە بۆ خواردنی شیرینی لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆ کۆنترۆڵکردنی خواستی جەستە بۆ شەکر لە مانگی رەمەزاندا، پسپۆڕان ئامۆژگاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ئەو ژەمەی لە کاتی بەربانگدا دەیخۆین ڕیشاڵ و کاربۆهیدراتی تێدابێت لەگەڵ گەنم و شۆفان و پرۆتین.

هەروەها باشترە پشت بە شەکرە سروشییەکان ببەستن وەک میوەی تازە یان وشککراوە، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی شەکر و چەوری و نەخواردنی شیرینی زۆرە بە گشتی.

پسپۆڕان جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەو خۆراکانەی لە کاتی بەربانگدا دەخورێت، بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێویستی جەستە بە شەکر دوای بەڕۆژووبوون ڕێکدەخات.

لەم چوارچێوەیەدا "عائیشە مەعسومی" پسپۆڕی خۆراکی ئاماژە بە بڕ و کاتی پێویستی خواردنی شیرینی دەکات لە مانگی ڕەمەزاندا، بە شێوەیەکی دروست بۆ ئەوەی زیانەکانی کەم ببێتەوە لە هەمان کاتدا خۆمان لێی بێبەش نەکەین.

سەبارەت بە کاتی گونجاو بۆ خواردنی شیرینی پسپۆرەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "العربي" دا پشتڕاستی کردەوە کە پێویستە دوو بۆ سێ کاتژمێر دوای بەربانگ بێت، چونکە جەستە لەو کاتەدا هەست بە تێربوون دەکات و برێکی زۆر ناتوانیت بخۆیت.

سەبارەت بە خراپترین کاتەکانی خواردنی شیرینی، ئەو پسپۆڕی خۆراکیە دەڵێت "خواردنی شیرینی بە گەدەی بەتاڵ یان ڕاستەوخۆ دوای بەربانگ کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەرس کردن دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی و غازات، هەروەها هەندێک کەس تووشی ترشەڵۆک دەبن"

باسیشی لەوە کردووە زۆربەی خەڵک لە مانگی ڕەمەزاندا پشت بەو شەربەتانە دەبەستن کە بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە ، بۆیە پێویستە دووربکەونەوە لێیان، لەبری ئەوە شەربەتە سروشتییەکان بخۆنەوە.
A.A