هۆکارە سەرەکییەکان کە دەبنە هۆی نەخۆشی بیرچوونەوە

PM:02:43:28/03/2024

14804 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە ئاشکرایکردووە کە "رەنگە نەخۆشی شەکرە و پیسبوونی هەوا و خواردنەوەی کحول گەورەترین هۆکار بن کە دەبنە هۆی نەخۆشی بیرچوونەوە".

توێژینەوەکە لەسەر بنەمای سکانی مێشکی نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لە نێوان تەمەنی ٤٤ بۆ ٨٢ ساڵی لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، لە " رۆژنامەی واشنتۆن پۆست"دا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هۆکارانە "کاریگەرییان لەسەر ناوچە لاوازەکانی مێشک هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر و شیزۆفرینیا".

رۆژنامەکە لە زاری مامۆستای زانکۆی ئۆکسفۆرد گوینایل داودەوە نووسیویەتی: "توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو شوێنانەی کە خاڵی لاوازی مێشکن، کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا گەشە دەکەن و یارمەتی رێکخستنی زانیاری لە مێشکدا دەدەن، یەکەم شوێنن کە لە پیریدا زیانیان بەردەکەوێت و دووبارە بەرەو لاوازی دەچن.

داود، کە بەشداری توێژینەوەکەی کردووە، دەشڵێت "نەخۆشی شەکرە و پیسبوونی هەوا و خواردنەوەی کحول زیانبەخشترین هۆکارەکانن، بەڵام هۆکاری دیکە هەن کە کاریگەرییان لەسەر پرسی نەخۆشی بیرچوونەوە هەیە".

مامۆستایەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە " نەخۆشی شەکرە، بڕی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین لە هەوادا، هەروەها ژمارەی جارەکانی خواردنەوەی کحولی مرۆڤ سێ هۆکاری مەترسیدارن بۆ ناوچە ناسکەکانی مێشک".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوە چەند هۆکارێکی سەرەکی مەترسیدار هەیە، کە بریتین لە کەم خەوتن، کێشی زیادە، جگەرەکێشان و پەستانی خوێن، بەڵام یەکەم و دووەم کاریگەرترینن.

توێژەران لە توێژینەوەکەدا رایانگەیاندووە، "شەکرە و خواردنەوەی کحول بە بەردەوامی دەرکەوتووە پەیوەندییان بە مێشک و دابەزینی توانای بیرەوەرییەوە هەیە، بەڵگەکان لە زیادبووندان کە بەرکەوتن بە پیسبوونی هەوا هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ دابەزینی توانای یادەوەری و نەخۆشی بیرچوونەوە".

H.Y