چۆن دەتوانیت کالۆریی ناو برنج کەم بکەیتەوە؟

AM:09:12:04/05/2024

9960 جار خوێندراوەتەوە

خەونی زۆرینەی خەڵکییە برنج بخوات بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونی کێشی جەستەیان، بۆ ئەو مەبەستەش زانایانی سریلانکا ئاماژەیان بە بیرۆکەیەکی زیرەکانە کردووە بۆ لێنانی برنج کە لە ٪٦٠ی کالۆرییەکەی کەمدەکاتەوە.

رۆژنامەی "دەیلی تەلەگرافی بەریتانی" لە بڵاوکراوەیەکیدا زانایانی کۆلێژی زانستی کیمیایی لە کۆڵۆمبۆی سریلانکا بیرۆکەیەکی نوێیان بۆ ئامادەکردنی برنج خستووەتە روو کە رێژەی کالۆرییەکەی کەمدەکاتەوە، ئەویش بە کەوچکێکی بچووک زەیتی گوێزی هیندی بکرێتە برنجەکە و لەدوای کوڵاندنی بخرێتە ساردکەرەوە و بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر دابنرێت دواتر گەرمبکرێتەوە و بخورێت.

بەگوێرەی زانایان گۆڕینی رێگەی ئامادەکردنی برنج ئاسانە و گرفتە گەورەکە ناهێڵێت کە قەڵەوبوونە، روونیان کردووەتەوە، نیشاستەی ناو برنج هۆکاری زیادبوونی قەڵەوییە، بەڵام بەو رێگەی ئاماژەی پێکراوە ئامادە بکرێت لە ٪٥٠ بۆ ٪٦٠ کالۆرییەکەی ناوی نامێنێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە هەر کوپێک برنجدا نزیکەی ٢٤٠ کالۆری تێدایە، ئەو بیرۆکە ئاسانەی لێنانی برنج بڕی کالۆرییەکە کەمدەکاتەوە.

زانایان رایانگەیاندووە، ئەو نیشاستەی لەناو برنجدا هەیە لە ریخۆڵەکاندا کۆدەبێتەوە و دەنیشێت دواتر دەگۆرێت بۆ گلوکۆز و لە ناو جەستەدا بە شێوەی چەوری هەڵدەگیرێت، بەڵام ئامادەکردنی برنج بە کەوچکێکی بچووک لە زەیتی گوێزی هیندی و داننی بۆ ١٢ کاتژمێر لەناو ساردکەرەوەدا نیوەی زیاتر لە کاربۆهیدراتەکەی ناوی کەمدەکاتەوە و هەرسکردنی لە ریخۆڵەدا ئاسان دەبێت.

S.A