خواردنی گوڵەبەڕۆژە چ کاریگەرییەک لەسەر جەستە دروست دەکات؟

AM:09:00:04/05/2024

44376 جار خوێندراوەتەوە

گوڵەبەڕۆژە جگە لەوەی تامێکی خۆشی هەیە، سەرچاوەیەکی بەهێزی ماددە خۆراکیەکانە، لەوانەش ڤیتامین و کانزا و ترشە چەورییە پێویستەکان.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " الشرق الاوسط" دا ئاماژەی پێکراوە کە گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکیەکان بە تایبەتی ڕێژەیەکی بەرزی ڤیتامینE یان تێدایە کە دژە ئۆکسێنەرێکە و یارمەتی پاراستنی خانەکان دەدات هەروەها گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەکی باشی مەگنیسیۆم و سیلینیۆم و زینکە کە هەموویان ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە ئەرکە جیاوازەکانی جەستەدا.

دیارترین سوودەکانی گوڵەبەڕۆژە بریتین لە:

١. یەکێک لە سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی گوڵەبەڕۆژە ئەوەیە کە یارمەتی باشترکردنی تەندروستی دڵ دەدات، بەو پێیەی ئەو چەوریانەی تیدایە تەندروستن بۆ دڵ.

٢. ئاستی کۆلیسترۆڵی باش زیاد دەکات و لەهەمان کاتدا کۆلیسترۆڵی خراپ کەمدەکاتەوە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە.

٣. خواردنی گوڵەبەڕۆژە وا دەکات هەست بە تێربوون بکەیت بەهۆی زۆری ڕیشاڵەکانیانەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی کردنی نان خواردن.

٤. گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ ماددە خۆراکیەکان، یارمەتیدەرە لە باشترکردنی سیستمی بەرگری جەستە، چونکە ڤیتامینە پێویستەکانی تێدایە، وەک ڤیتامین E و سیلینیۆم و زینک کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگری جەستە.

٥. ڕێژەی ڤیتامین E لە گوڵەبەڕۆژەدا وا دەکات سوودی هەبێت بۆ تەندروستی پێست، چونکە ڤیتامین Eبە تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەر ناسراوە، کە یارمەتی پاراستنی خانەکانی پێست دەدات.

بە گوتەی دکتۆر سینگوال سەرەرای سوودە تەندروستییەکانی گوڵەبەڕۆژە، بەڵام پێویستە بە بڕێکی گونجاو و پێویست بخورێت و زیادەڕۆی لە خواردنی نەکرێت.