سودانی و وەلانانی لوت بەرزی!
PM:02:31:20/11/2025
624 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+
-
جگە لە نوری مالکی ، هادی عامری یەکێک لەلایە
براوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی
پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن سودانیەوە دەربری.
ئەم دوانە ،
مالکی و عامری کە یەکەمیان ٢٩ کورسی و دووەمیان خاوەنی ٢١ کورسین. واتە
بەهەردووکیان کەمتر لەسێ یەکی باقی ئەو ١٨١ کورسیەی تر پێک دەهێنن کەلەچوارچێوەی
هامەهەنگی ماڵی شیعە کۆکراونەتەوە و پێویستە کاندیدی داهاتووی سەرۆک وەزیرانی
عیراق لەم چوارچێوەیەوە بناسێنرێت.
هەرچی
لایەنەکانی دیکەیە کەجگە لە خودی هاوپەیمانیەتیەکەی سودانی خاوەن ٤٦ کورسی ، کە
خەزعەلی (٢٧کورسی ) و حەکیم و عەبادی (١٨کورسی) و هێزە بچوکەکانی ترن، تارادەیەک
لە دەربرینی هەڵوێستیان تەریک کەوتوون و بەرۆشنی خۆیان ساغ نەکردووەتەوە.
لەرەهەندێکی
دیکەوە، ئەگەر پرۆسێسی پێکهێنانی حکومەتی عیراق ، پرۆسەیەکی مەحکومکراو بەمشتومری
توند و بێنەوبەردەی ناوخۆیی و دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بێت،
ئەوا ئاماژەی تری پێچەوانەیش لەمکاتەدا هەن کەئەم پرۆسێسە ناچار دەکەن بەخێرای و
دەست و بردکردن لەپێکهێنانی و دوانەکەوتن وەک کابینەکانی پێشتر.
لەو ئاماژانە:
یەکەم/
مانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەیەکگرتوویی و دوورکەوتنە لەلێکترازان، بەتایبەتی
دوای ئەوەی کە سودانی وەک براوەی یەکەمی ناو هێزە شیعیەکان بەشداری لەکۆبونەوەکانی
هاوپەیمانیەتەکە کرد و خۆی پاراست لەو لوتبەرزیە سیاسیەی کەبەهۆی دەنگ و
کورسیەکانەوە زۆرجار دووچاری ئەو سەرۆک وەزیرانە دەبویەوە کەخۆیان بۆ ویلایەتی
دووەم کاندید دەکرد، وەک ئەوەی حەیدەر عەبادی لەساڵی ٢٠١٨ دووچاری بویەوە.
دووەم/ بریارە
خێراو بەپەلەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە کۆتایهاتنی ئەرکی خولی پێنجەمی
ئەنجومەنی نوێنەران و دیاریکردنی دەسەڵاتی حکومەت و بەردەوامی سەرۆککۆمار، کەئەمەش
لەقوڵاییدا ئاماژەی پەلەکردن دێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
سێیەم/
دیاریکردنی هەردوو لیژنەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و لیژنەی دانوستاندن
لەگەڵ پێکهاتەکانی تر لە سوننە و کورد لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی.
چوارەم/
تەفسیرەکەی فائیق زەیدان سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی دوو رۆژ بەر لە پرۆسەی
دەنگدان، پەیوەست بەکێشەی کات لەدیارکردنی رۆژی هەڵبژاردن و ئەگەرەکانی
نادەستوریبوونی پرۆسەکە.
پێنجەم/ مانەوەی تارمایی شەری دوانزە رۆژەی
ئیسرائیل ئیران، بەسەر ئاسمانی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی عیراق بەتایبەتی ، هەروەها
چاوسوورکردنەوەی ناوە ناوەی ئەمریکیەکان لەمیلیشیا چەکدارەکان. کەوادەکات پەلە
بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت.
لەلایەکی
دیکەوە، سودانی بەوەلانان و پشتگوێخستنی ئەو دژایەتی و گەلەکۆمەیەی کەلایەنەکانی
دیکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە سەرووبەندی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرامبەریان
کرد، بریارە دروستەکەی داو خۆی لە لوتبەرزی و غروری سیاسی پاراست کەئەمە هەنگاوێکی
عەقڵانیەتی سیاسی بوو، چونکە لەسادەترین مەغزادا ئەگەر کاندیدیش نەکرێتەوە ئەوا
هەیمەنەی لەناو ماڵە شیعیەکەدا دەمێنێتەوە.
هەر بۆیە ، سەرباری دیدگای دروستی سودانی بۆ
خوێندنەوەی قۆناغی نوێی و هەلومەرجە سیاسیەکە، بەڵام دەکرێ تیشک بخەینەسەر کۆمەڵێک
خاڵ کە چانسی سودانی بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی لاواز دەکەن، لەگرنگترینیان:
١- دژایەتی توندی نوری مالکی.
راستە مالکی هێزی یەکەمی ناو چوارچێوە شیعیەکە نیە، بەڵام ئەم پیاوە عەقڵی
مودەبیری چوارچێوەکەیە و هەرئەمیش بوو لەپشت دەرکردنی سەدریەکان لەناو پرۆسە
سیاسیەکە لەساڵی ٢٠٢١ لەکاتی هەڵبژاردنی ئەو ساڵەدا یەکەمی ئەنجامەکان بوون و
خاوەنی ٧٣ کورسی پەرلەمانی بوون. ئەمە جگەلەوەی کەلەرابردوو دژایەتی عەبادی و
کازمی کردوە و رێگربوە لەکاندیدکردنەوەیان بۆ ویلایەتی دووەم.
٢- بەهێزی پەیوەندی مالکی و عامری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. کەهەموان
دەزانن ئێرانیەکان کاریگەری روونیان لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت هەیە.
لەبەرامبەردا ئەمریکیەکان بەو شێوەیە نایەنە ناو وردەکاریەکانی ئەو پرۆسێسەوە.
تەنانەت بەلاوازی ئێرانیەکانیشەوە دوای جەنگەکەی حوزەیران.
٣- دەنگۆی دیاریکردنی ئەحمەد ئەسەدی وەک
کاندیدی شیعە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران. کەئەسەدی
لەهاوپەیمانیەتیەکەی سودانیە و دواجار مومکین نیە لەیەک هاوپەیمانیەتی دوو پۆستە
باڵاکەی شیعە کەسەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیرانە وەربگیرێت.
چوارەم/ وەک جۆرێک لەعورف ، بەردەوام ئەو
کەسایەتیانە پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرن کەکورسی پەرلەمانیان نەبوە یان زۆر کەم
بوە. خودی سودانی یەک کورسی هەبوو بوە سەرۆک وەزیران. ئەم قسەیەش بۆ کازمی و عادل
عەبدولمەهدی و حەیدەر عەبادی هەر راستە.
پێنجەم/ لاوازی
و تێکچوونی پەیوەندیەکانی سودانی لەگەڵ لایەنی کوردی بەتایبەتی لەم ساڵەی کۆتایی
کەبەهۆکاری کێشەی موچە و بودجە، جۆرێک لەئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی.