سەردێڕ:

دەزانم چیتان کردووە

PM:10:14:28/09/2025
1028 جار خوێندراوەتەوە
چالاک ئەحمەد
+ -

دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ هەتاکو ئێستا یەک هەنگاوی جدی نەنراوە بۆ دروستبونی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی، نەک هەنگاو نەنراوە بەڵکو ئەو شێوە حکومڕانیەی پێشتریش هەبوو ئەویش نەما.

٣٣ ساڵ حکومڕانی تەمەنێکی زۆرە ، کاتێکی تولانیە، هی ئەوە نیە بڵێین حکومەتێکی ساوایە یان دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت .

شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی هەر زوو ڕووی ڕاستی ئەم دوو حیزبە میلیشیایەی بۆ دەرخستین.

بەڵام لەبەر ئەوەی بەنج کرابووین بە دروشمە بریقەدارەکانیان، بە دروشمە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانیان، لافی ئازادی و دروست کردنی حکومەتێکی خۆماڵی دیموکراسیان دەدا، بۆیە پاساومان بۆ تاوانەکانیان دەهێنایەوە.

بەڵام دوای ئەو ڕاچڵەکینە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی کە کوردستانی گرتەوە خەباتێکی نوێی سیاسی هاتە ئاراوە ئینجا بەنجی سیاسی بەریداین و بەهۆش هاتینەوە.

بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی هەموو دەرفەتە نیشتیمانی و نەتەوەی و سیاسیەکانیان لەدەستدا ، شکست لەدوای شکست تۆماریان کرد و کوردستانیان بەم دۆخە مەترسیە گەیاند .

ئابوری سەربەخۆ کارەساتێکی دیکەبوو بەرۆکی هاوڵاتیانی گرت ، لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی بوو بۆ هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی سیاسی .

بەڵام ئەم دوو حیزبە کاڵفامی سیاسیە ، ئەم دوو بنەماڵە خێڵەکیە ئامانجیان ڕوتاندنەوە و چەوساندنەوەی هاوڵاتیانە نەک خزمەت و هەنگاونان بۆ حکومەتێکی شەفافی نیشتیمانی و کە سەرجەم چین و توێژەکان لە سێبەریا بحەسێنەوە و هاوڵاتیان یەکسانبن لە بەرامبەر یاسا .

سەبارەت بە ڕیفراندۆم ئامانجە گەورەکەی گەلی کورد بوو بۆ بەدەست هێنانی ئاواتەکانی کە چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدات و قوربانی داوە لەپێناویدا، دەیان ساڵیشە مزایەدە بەم بابەتەوە دەکەن .

بەڵام ریفراندۆمەکەی بارزانی ساڵی ٢٠١٧ رووی راستی موزایەدەچیەکانی دەرخست و دەرکەوت ئامانج لێی دروست کردنی دەوڵەت نەبوو بەڵکو موزایەدەیەکی ناشرین بوو بازرگانیەکی قێزەون بوو بە کوردایەتی کرا.

دەوڵەتداری بە پیاوی بچوک و بیری خێڵەکی ناکرێت ، بە عەقڵی بچوک و سەرۆکی نەخوێنەوار دروست ناکرێت.

بارزانی جگە لە سەرۆک خێڵ و نەخوێنەوارێکی سیاسی هیچی دیکە نیە، پیاوی دەوڵەتداری نیە، دیوەخان و بنەماڵەکەی لەپێش هەموو ئامانجێکەوەیە، هەڕەشە و گوڕەشەکانیشی هەر هەوای سک بوو، هیچی پێنەکرا .

بەڵێنیدا سەری لەسەر ئەم بابەتە دابنێت بەڵام سەری میلەتی دانا، بێشەرمانەش وەک دەستکەوتێکی سیاسی پێمان دەفرۆشنەوە.

هەرچی یەکێتی و سەرۆکە شەق وەشێنەکەشیەتی ( بافڵ تاڵەبانی) بە شانازیەوە خیانەت و جاشایەتی ١٦ ئۆکتۆبەرمان بۆ بەیان دەکات، بە شانازیەوە باسی راکردنیان دەکرد لە کەرکوک.

٢٢ ی ئابیش جارێکی دیکە شەق وەشێنی ئەم سەرۆکەی بۆ دەرخستین .

جگە لەوەی ١١ ساڵە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی موچەیان هەیە و زیاتر لە ٦٠ موچەیان فەوتاوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەردەوامە و ساڵی ٤ موچە وەرەگرن.

سەرەڕای دوو زۆنی حکومڕانی کارەساتێکە ئاسەوارەکەی تا سەدەیەکی دیکەش سارێژ نابێت ، یەک حکومەت و دوو زۆن گاڵتەجاڕی سیاسیە، هاوڵاتیان بونەتە قوربانی ، باج و سەرانە تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە.

ڕادەست کردنی نەوتیش دوای ١١ ساڵ ئابوری سەربەخۆ شکستێکی دیکەی حکومڕانیە و هێواش هێواش هەمووی لەدەست دەدەن.

لەوە زیاتر چیان دەوێت !

چی نەماوە بەسەر ئەو میلەتەی نەهێنن!

ناترسن لە بێدەنگی هاوڵاتیان؟

سەیری دیکتاتۆرەکانی دراوسێیان ناکەن چیان لێ بەسەر دێت و چارەنوسیان چی لێهات.

دروشم و ئامانجتان هەرچی بێت حکومڕانیتان هەر ئەوەیە کە دەیبینین.

گەلەری