سەردێڕ:

عێراق؛ پڕۆژەیاسایەک بۆ دامەزراندنی سندوقی سەقامگیری مووچە ئامادە دەکرێت

AM:11:27:26/08/2026

1052 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پڕۆژەیاسایەکە بۆ دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بە سەقامگیریی مووچە، و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت، پڕۆژەکە بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانە بەبێ دواکەوتن.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٦، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، پێشنیازەکە جەخت لەسەر دامەزراندنی سندوقێک دەکاتەوە کە خاوەنی سەربەخۆییەکی دارایی و کارگێڕی بێت و ڕاستەوخۆ بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ببەسترێتەوە، بە ئامانجی دابینکردنی پاڵپشتییەکی دارایی پارێزراو کە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات.

وتیشی، دارایی سندوقەکە پشت دەبەستێت بە تەرخانکردنی ١٠٪ـی داهاتی زیادەی ساڵانەی نەوت، لەگەڵ قازانج و داهاتە بەدەستهاتووەکان لەو وەبەرهێنانانەی کە بە پارەی سندوقەکە دەکرێن، ئەمە جگە لە بەخشین و قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە کاتی پێویستدا، لەگەڵ هەر سەرچاوەیەکی تری پەسەندکراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

ڕوونیکردەوە، کە بەڕێوەبردنی لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی دەبێت بە بەشداریی نوێنەرانی بانکی ناوەندیی عێراق، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی دەسپاکی فیدڕاڵی.

ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەکە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی وەزیرانە و تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و دەنگدان لەسەری لەناو پەرلەماندا، بەستراوەتەوە بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی حکومەتەوە بەهۆی بوونی لایەنی مادی و دارایی لە پڕۆژەکەدا.













گەلەری