سەردێڕ:

شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات

PM:02:04:11/01/2026

644 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی دەڵێت، لە ئێوارەی سبەی دووشەممەوە شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین روو لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ئەگەری بەفری هەیە، هەروەها پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم وتی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە کاریگەری شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین دەستپێدەکات تا شەوی چوارشەممە و کاتەکانی بەیانی رۆژی پێنجشەممە کۆتایدێت.

وتیشی، شەپۆلێکی بەفربارین کاریگەری دەبێت لەسەر شاخە بەرزەکان و ئەو ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریا و لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ئەگەری بەفربارین دەبێت لە رۆژی چوارشەممە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازی دابارین نمە بارانی بەردەوام دەبێت و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت بە تایبەت سنوری زاخۆ و راپەڕین.

باسی لەوەشکرد،لەگەڵ بارانبارین هەندێكات هەورە تریشقەش دەبێت و خێرای با لە رۆژی سێشەممە زیاد دەکات بۆ سەروی ٢٥ کم لە کاتژمێرێکدا، پلەکانی گەرما لە رۆژی چوارشەممە زیاتر نزم دەبێتەوە.













گەلەری