لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە، گەنجێکی دانیشتووی کەلار، لەماڵ چووەتە دەرەوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە و هیچ سۆراغێکى نییە، بەڵام دوێنێ ماتۆڕسکیلەکەى لە نزیک کەلار دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، محەمەد خالی، باوکی گەنجەکەیە بە ئێن ئاڕ تی وت، "دوێنێ لە کاتژمێر چواری ئێوارە، لەرێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ماتۆرسکیلی کوڕەکەم لە خوارەوەی پردەکەی گردەگۆزینە کەمێک لەدووری کارگەی بلۆکەکەوە دۆزرایەوە، بەڵام تا ئێستا خۆی ھیچ سۆراغێکی نییە".
ئاماژەی
بەوەشکرد، "ئەوەی لە کامێراکان دەرکەوتووە کوڕەکەم خۆی بەتەنیا بووە تا ئەو جێگایە
ھیچ کەسێکی لەگەڵ نەبووە، زەرفێکی پێبوو پێدەچوو شەربەت و پسکیت بێت، بەڵام نازانین
لەدوای ئەو شوێنەی ماتۆڕەکەی جێھێشتووە کەس ھەبووە چاوەڕێی بکات یان ھەر بەتەنیا رۆشتووە".
باسی لەوەشکرد،
ھیچ ئاسەوارێکی شکان و خوێن بە ماتۆڕەکەوە نەبووە، جگە لە ماتۆڕەکەشی ھیچ شتێکی دیکەی
نەدۆزراوەتەوە، مۆبایلەکەشی تەلەفۆنی بۆناچێت.
گەنجەکە ناوی مەھدی
محەمەدە، تەمەنی ٢٥ ساڵە و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیایە لە زانکۆی گەرمیان،
باوکی پێشتر باسی لەوەکردبوو، "کوڕەکەیان ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ماڵەوە نەبووە،
دوای ئەوەی پەیوەندییەکی بۆھاتووە، لەماڵ چووەتە دەرەوە بە ماتۆڕەکەی و ناشزانن کێ
پەیوەندی پێوەکردووە".