سەردێڕ:

گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم چین؟

PM:09:37:18/11/2025

1100 جار خوێندراوەتەوە

پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم باس و خواسی کۆبوونەوەکانی ئەمدواییانەی لایەنە عێراقی و کوردستانیەکانە، دوای ساڵێکیش لە هەڵبژاردن هێشتا حکومەتی نوێی هەرێم پێکنەهاتووە و پارتی و یەکێتیش لەسەر پۆستە سیادییەکانی حکومەتی داهاتووی هەرێم رێککەوتوون بەڵام پۆستی وەزیری ناوخۆ بووەتە گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەت.


هەڵبژاردن تەواوبوو، لە بەغدا وهەرێمێش باس باسی پێکهێنانی کابینەی حکومەتە، هەرچی هەرێمە گەرچی ساڵیکە هەڵبژاردن کراوە بەڵام حکومەت پێکنەهێنراوە، لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک بۆ ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکی پارتی داوای لە لایەنە کوردستانیەکان کرد کە پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان لە هەرێم پێکبهێنن.

پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستە سیادیەکان رێکەوتنیان کردووە، کە یەکێتی سەرۆکی هەرێم و حکومەتی داوەتەوە بەپارتی بەڵام چەند پۆستێک بوونەتە گرێ کوێرە وەک وەزارەتی ناوخۆ و پارتی ئامادەنیە ئەو وەزارەتە بداتە یەکێتی.

هەرچی پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەتی عێراقیشەوە، یەکێتی چاوی لەوەیە پۆستەکانی هەرێم و بەغدا بکاتە یەک پاکێج لە ئێستاشەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، دانیشتنیان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا ئەنجامداوە و شاندێکیان لەگەڵ چەند لایەنێکی شیعەکان کۆبوونەوە و پارتیش دەڵێت کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت.

هەرچی پارتیشە جارێکی تر ناراستەوخۆ پرسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە هەرێم دەوروژێنێت لەئەگەری پێکنەهێنانی حکومەت، بەڵام یەکێتی دەڵێت لە ئێستاوە دژیەتی، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، هەڵبژاردنیش بکرێتەوە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و پێویست ناکات هەڵبژاردن بکرێتەوە.

هەرچۆنێک بێت چاوەڕێ دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوو جموجۆڵەکانی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم و بەغداش دەستپێبکاتەوە.













گەلەری