شارەزایەکی بواری کەشناسی و گەردوونناسی بە ئێن ئاڕ تی وت، سبەی یەکشەممە ٧ـی ئەیلول، دیاردەی مانگگیرانی تەواو روودەدات و بە رەنگی سوور بۆ قاوەیی دەبینرێت.
ئەمڕۆ شەممە ٦ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی گەردووننسی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەینێ، مانگگیرانەکە لە کاتژمێر ٦:٢٨ خولەکی ئێوارە بە قۆناغی یەکەم دەستپێدەکات و دواتر لە کاتژمێر ٨:٣٠ شەو، مانگ بە تەواوی دەگیرێت و بە مانگی خوێنی دەناسرێت.
دەشڵێت، لوتکەی
مانگگیرانەکە لە کاتژمێر ٩:١١ شەو دەبێت و پاشان، لە کاتژمێر ٩:٥٢ شەو کۆتایی بە
مانگگیرانی تەواو دێت لە کۆتاییدا، لە کاتژمێر ١١:٥٥ شەو مانگگیرانەکە بە تەواوی کۆتایی
دێت و مانگ بۆ باری ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی
بەوەشكرد، ئەم دیاردەیە لە زۆربەی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئوسترالیا، ئەوروپا، ئەفریقا
و زۆربەی زەریای هیندی بە روونی دەبینرێت، بەشێک لە ئەمریکای باکوور و باشوور،
زەریای هێمن و ئەتڵەسی و جەمسەرەکانیش بەشێوەیەکی کەمتر دەیبینن.
ئەو شارەزایەی
گەردوونناسی باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە شارەکانی سلێمانی،
هەڵەبجە، کەرکوک، هەولێر و دهۆک، ئەم مانگگیرانە بە روونی و بە رەنگی سوور بۆ
قاوەیی دەبینرێت.
باسی لەوەشكرد،
کۆی گشتی ماوەی مانگگیران لە جیهاندا پێنج کاتژمێر و ٢٧ خولەکە و پێویست بە هیچ
ئامێرێکی تایبەت ناکات و بەتەنها بە چاو دەبینرێت.
دەشڵێت،
مانگگیرانی تەواو کاتێک روودەدات کە زەوی دەکەوێتە نێوان خۆر و مانگ و سێبەرەکەی
بە تەواوی مانگ دادەپۆشێت، ئەم دیاردەیە ساڵانە چەند جارێک روودەدات، بەڵام
ئەمجارەیان لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی دەگمەنە و پێدەچێت تا چەند ساڵێکی تر
دووبارە نەبێتەوە.
بەپێی سەرچاوەی
فەرمی ناسا، مانگگیرانی هاوشێوەی سوور لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٨ و ٢٠-٢١ـی
کانوونی یەکەمی ٢٠٢٩ دووبارە دەبێتەوە.