سەردێڕ:

سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان: داهاتی وەبەرهێنان زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە

PM:05:32:24/05/2024

1028 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یەکێک لە دەستکەوتەکانی سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان بریتیبوو لە واژۆکردنی ١٧ گرێبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ١٧ کۆمپانیای سعودی و بەریتانی و ئەمریکی. دەشڵێت، " داهاتی ئەو وەبەرهێنانانەی لەو گرێبەستانە بەدەستهاتوون نزیکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە".


ئەمڕۆ هەینی، محەمەد نەجاڕ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان لەکاتی دامەزراندنیەوە سێ دەستکەوتی گرنگی بۆ عێراق بەدەستهێناوە، یەکێک لەوانە واژۆکردنی ١٧ گرێبەستی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ١٧ کۆمپانیای سعودی و بەریتانی و ئەمریکی.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی ئەو وەبەرهێنانانەی لەو گرێبەستانە بەدەستهاتوون بە بەهای نزیکەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەوەشی خستە روو، دەستکەوتی دووەم دەستپێکردنی پڕۆژەی قوتابخانەکانی وەبەرهێنان بوو لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دروستکردنی دوو هەزار قوتابخانە لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە.

باسی لەوەش کرد، سێیەم دەستکەوت ئەو گۆڕانکارییە بوو کە لە سندوقەکەدا ئەنجامدرا سەبارەت بە دەستپێکردن بۆ پڕۆژەی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، کە ئەوەش یەکەمین جارە کەرتی تایبەت بەو شێوەیە و ئەو ژمارەیە لە وەبەرهێنان ئەنجام بدات لە وڵاتدا.

راشیگەیاند، سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان لە ئێستادا بەو یاسایە کاردەکات کە بۆ هەر دینارێک دە دینار رادەکێشن، واتە ئەگەر ترلیۆنێک تەرخانکرا، هەوڵدەدەن لە بەرامبەردا رێژەی وەبەرهێنان بە بەهای دە ترلیۆن دینار ئەنجام بدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت دەبێت بە وەبەرهێنان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا. وتیشی، "ئەمساڵ عێراق لە رووی وەبەرهێنانەوە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات".


 













گەلەری