سەردێڕ:

بانکی ناوەندی بۆ یەکەمجار فرۆشی کاشی گەیاندە بەرزترین ئاستی ساڵانە

PM:04:15:24/05/2024

9952 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بە تێكڕا لەلایەن گەشتیاران و بانکە رێگەپێدراوەکان و بانکەسزادراوەکانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی زیاتر لە یەک ملیار و ٣٧٧ ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەش کراوە. هاوکات یەکەمجاریشە فرۆشی کاش بگاتە ٢٠٤ ملیۆن دۆلار کە بەرێژەی ١٢٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە راپۆرت و پێگەی داواکاری دراوی بیانی رایگەیاند، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بە تێکڕا یەک ملیار و ٣٧٧ ملیۆن و ٦١١ هەزار و ٢٠ دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی فرۆشراوەتەوە بەمەبەستی پڕکردنەوەی خواستی بازاڕەکانی ناوخۆ و بازرگانان.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاستی فرۆشی حەواڵە لەسەر ئاستی هەفتانە ٩٢.٥٪ـی تێکڕای ئاستی فرۆشی پێکهێناوە، بەڵام لەم هەفتەیەدا بەهۆی داواکاری حاجییان بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری کاش رێژەی فرۆشی کاش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

باس لەوەش کراوە، ئاستی فرۆشی کاش لەم هەفتەیەدا بە رێژەی ١٢٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بە تێکڕاش ٢٠٤ ملیۆن و ١٣٢ هەزار و ٢٢٠ دۆلاری لە رێگای ١٧ بانک و سەکۆوە بۆ حاجییان دابینکرابوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تێکڕای فرۆشی هەفتانەی بانکی ناوەندی لە ١٢ بۆ ١٦ـی ئایاری ئەمساڵ، بڕی ملیارێک و ٣٨١ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٣٣٨ دۆلار بووە، لەو بڕەش، ملیارێک و ٢٦٤ ملیۆن و ١٩٤ هەزار و ٣٤٢ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و ١٠٩ ملیۆن و ٦٧٦ هەزار و ٩٩٦ دۆلاری بەشێوەی کاش بووە.













گەلەری