سەردێڕ:

لە دوو ناوچەی هەرێم؛ منداڵێک و گەنجێک خنکان

وێنەی عادل عەلی تەمەن ١٩ ساڵ
PM:03:26:24/05/2024

3144 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەمێک لەمەوبەر گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە بەنداوی خاسە خنکا، لە هەمان کاتیشدا مێرمنداڵێکی ١٣ ساڵان لە گوندی گەرماڤای دهۆک لە ئاوی سیلاڤدا خنکا. هاوکات تەرمی هەردووکیان دەرهێنراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی داد کراون.


ئەمرۆ هەینی، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، دوای ئەوەی چەند گەنجێک بەمەبەستی مەلەکردن روویان لە بەنداوی خاسە کرد، یەکێک لە گەنجەکان کە تەمەنی ١٩ ساڵە کەوتە ناو ئاوەکەوە و خنکا.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا تەرمی گەنجەکە دۆزراوەتەوە کە ناوی ( عادل عەلی)ـە و بەرەگەز کوردە و خەڵکی شۆریجە – کەرکوکە. وتیشی ،" سەرجەم هاوڕێکانی کە لەگەڵ ئەو گەنجەدا بوون بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، بردراونەتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس". 

لە لایەکی دیکەشەوە، بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵان کەوتە ناو ئاوی سیلاڤ و دەستبەجێ خنکا. وتیشی، تەرمی مێردمنداڵەکە هێنراوەتە دەرەوە و رەوانەی پزشیکی داد کراوە.

باسی لەوەش کرد، مێردمنداڵەکە ناوی (پاوان)ـە و خەڵکی سەنتەری دهۆکە، هاوکات بەمەبەستی مەلەکردن لەگەل چەند هاوڕێیەکی روویان لەو ناوچەیە کردووە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکانی خنکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە، لە پێنج مانگی رابردوودا چوار کەس لە سنوری خەبات و یەک کەسیش لە سنوری کۆیە خنکاون.

سۆران محەمەد – کەرکوک

تائیف گۆران - دهۆک 

 













گەلەری