سەردێڕ:

ئێران راپۆرتی سەرەتایی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی بڵاوکردەوە

PM:02:44:24/05/2024

2364 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران راپۆرتی سەرەتایی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، شوێنەواری گولـلە یان تەنی هاوشێوەی دژە فرۆکە لە پارچەکانی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەدا بەدینەکراوە، بەڵام دوای کەوتنەخوارەوەی بەهۆی پێکدادانی لەگەڵ شاخەکەدا گڕیگرتووە.


ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران راپۆرتی سەرەتایی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هێلیکۆپتەرەکە ئەو ئاڕاستەیەی پێشتر بۆی دیاریکراوە نەگۆڕیوە و بەردەوام بووە لەسەری بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک کە ئەوەش جێی گومان نەبووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئەوەی یەک خولەک و نیو پێش ڕووداوەکە فڕۆکەوانەکە لەگەڵ فڕۆکەوانی دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە پەیوەندی هەبووە، لەو گفتوگۆیانەشی بورجى چاودێرى لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانییەکەدا ئەنجامیداون هیچ دۆخێکی گوماناوی بەدینەکراوە تا هەست بەبونی مەترسی بکرێت.

باس لەوەش کراوە، زانیاری و بەڵگە لە بواری تەکنیکی و بە شێوەیەکی گشتیی لەسەر ڕووداوەکە کۆکراوەتەوە و پێویست بە کاتی زیاتر دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی هەندێک داتا، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی گوولە یاخود موشەک و چەکی دژە فرۆکە بە هێلیکۆپتەرەکەوە بەدینەکراوە. وتیشی، " هێلیکۆپتەرەکە دوای ئەوەی کەوتووەتە خوارەوە گڕی گرتووە و لەگەڵ هەبوونی سەرما و تەمێکی زۆر لە ناوچەکەدا وایکردووە گیانلەدەستبدەن وە سەختیشی بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دروستکربوو".

رۆژی ٢٠ـی ئایار میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و سەرجەم سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەی رۆژی یەکشەممە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا کەوتە خوارەوە، گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەش کرا، لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە و گەڕانەوەی بەرپرسانی ئێران بە سێ هێلیکۆپتەر، لەرێگای گەڕانەوەدا یەکێک لەو هێلیکۆپتەرانەی کە ئیبراهیم رەئیسی و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیان و شاندی یاوەریان لەگەڵ بوو بەهۆی نالەباری دۆخی کەشوهەواوە دیار نەما و پەیوەندی لەگەڵیاندا پچڕا.













گەلەری