سەردێڕ:

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی گۆڕدرا

PM:02:21:24/05/2024

5468 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە پۆلیسی سلێمانی بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە کارەکەی لادراوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو کۆتا رۆژی کارکردنی دەبێت وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و لە هەمان رۆژدا رێکارە کارگێڕییەکان بۆ گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەرێگای نوسراوێکی تایبەتەوە داواکراوە کە ئاسۆ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لەکار لابدرێت و لەبەرامبەردا ئارام محەمەد وەک بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی سلێمانی دەستبەکاردەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری لابردنی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بۆ رێکارە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە نەوەک هۆکارێکی دیکە لەپشت لەکارلادانی. وتیشی، "رۆژی یەکشەممە بەشێوەیەکی فەرمی رێکارەکانی گۆڕینی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بەڕێوەدەچێت".

هاوکات رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەر لە هەژماری تایبەتی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، ئارام محەمەد وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەستبەکاربووە و ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لەکار لادراوە.

باسی لەوەش کردووە، هیوادارن کە ئەم گۆڕانکارییە، رۆڵێکی نوێ لە ئاسایش و سەقامگیری دروستبکات و بۆ ئەومەبەستەش داواکارە کە ئارام محەمەد بەڕێوەبەرە نوێیەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رۆڵی خۆی لەوپرسەدا بەرز بکاتەوە.













گەلەری