سەردێڕ:

جەنگی غەززە؛ دوای بەکارهێنانی ٧٧ هەزار تۆن تەقەمەنی بەردەوامی هەیە

PM:01:34:24/05/2024

988 جار خوێندراوەتەوە

نووسینگەی میدیای حکومەتی فەڵەستین لە غەززە رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەوە ٣١ کەس بەهۆی بەدخۆراکی، ٤٣٩ کارمەندی تەندروستی، ٦٩ کارمەندی بەرگریی شارستانی و ١٤٧ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە، لە حەوت گۆڕی بەکۆمەڵیشدا ٥٢٠ تەرمی هاووڵاتی فەڵەستینی دەرهێندراونەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی میدیای حکومەتی فەڵەستین لە غەززە ئاماری ٢٣٠ ڕۆژی شەڕی ئیسرائیلی لە غەززە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەرۆکی سەرجەم دانیشتوان و فریادرەسەکانیشی گرتووەتەوە کە بەهۆیەوە سەدان رۆژنامەنوس و کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە.

لە ئامارەکەدا باس لەوە کراوە، لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ١٨٩ باڵەخانەی حکومی، ١٠٨ قوتابخانە و زانکۆ و ٦٠٤ مزگەوت بە تەواوی ڕووخاون، جگە لەوەی کە ٣١٣ قوتابخانە و زانکۆی دیکەو ٢٠٠ مزگەوت بەشێکیان رووخاوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا، لە هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەدا ٧٧ هەزار تۆن تەقەمەنی بەکارهێناوە و ٨٧ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بەتەواوی رووخاندووە.

ئەوەش خراوەتە روو، سوپای ئیسرائیل تا ئێستا سێ هەزار و ١٩١ کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوەو ١٥ هەزار و ٢٣٩ منداڵ و ١٠ هەزار و ٩٣ ژن گیانیان لەدەستداوە ، ١٠ هەزار کەسیش لە ژێر داروپەردووی ڕووخاودان یان بێسەروشوێنن. وتیشی، " ژمارەی ئەو کوژراوانەشی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان ٣٥ هەزار و ٨٠٠ کەسن، ژمارەی بریندارانیش ٨٠ هەزار و ٢٠٠ کەسنو ٧١٪ـی ئەو کەسانەی لە غەززە ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە ژن و منداڵن".

ئەوەش هاتووە، بەهۆی ئەو برسێتی و بێ ئاویەی لە ناوچەکەدا بەهۆی جەنگەوە دروست بووە و ڕێگریی کردن لە گەیشتنی هاوکارییەکان، ٣١ کەس لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکی و لەدەستدانی شلەی لەش گیانیان لەدەستداوە.


 













گەلەری