سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لە بارەی بودجەی ئەمساڵ؛ دەست بە دامەزراندن دەکرێتەوە؟

AM:11:45:24/05/2024

1956 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق لیستی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی تێدانەبووە بۆ ئەو مەبەستەش داواکراوە کە وەزارەتی دارایی دەست بە ئامادەکردنی لیستی دامەزراندن و پێویستی دامودەزگاکان بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دامەزراندن.


ئەمڕۆ هەینی، مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی دامەزراندنەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی خەرجی مووچە بۆ ٦٢ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام لە بودجەی ئەمساڵدا هیچ لیستێکی نوێی دامەزراندن ئامادە نەکرابوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆیە داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە کە لیستێکی نوێ بەگوێرەی پێویستی دامودەزگاکانی عێراق بۆ دامەزراندن و دەستپێکردنەوەی دامەزراندن بەپشتبەستن بە خەرجییەکان ئامادەبکات.

باسی لەوەش کرد، بۆیە ئەو هەنگاوە دەگرنە بەر، چونکە حکومەت بەرپرسیارە لە دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆران و لەگەڵ ئامادەکردنی لیستەکەدا دەست بە دامەزراندن دەکرێتەوە. وتیشی، "حکومەتی کاربەڕێکەر بەرپرسیارە لەهەر دۆخێک کە بێتە پێشەوە، چونکە دەبێت هاوکار بێت لەو پرۆسەیەدا ئەگەر نا ناتواندرێت دامەزراندن لە هەرێم ئەنجام بدرێت".

هاوکات، لەو بارەیەشەوە رۆژی ١٨ـی نیسان، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی رایگەیاند، داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە کە ئامادەکاری بۆ پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆران بکات و لەگەڵ خشتەی بودجەدا لیستی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەش ئامادەبکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٢ـی مانگی رابردوو ئەنجومەنی راژەی فیدراڵ رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی دامەزراندن ئەنجامداوە و سەبارەت بە دەرچوانی هەرێمیش داوایانکردووە کە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی ئەو خوێندکارانەیان بۆ رەوانەبکات کە شیاوی دامەزراندنن.

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری