سەردێڕ:

هەولێر؛ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە کەوتەوە

AM:08:50:24/05/2024

8604 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بەرگری شارستانی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتژمێرێک لەمەو بەر ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنوری کانی گەلی هەولێر کەوتووەتەوە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. دەشڵێت، "تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و تیمەکانمان هەوڵدەدەن لەرێگای شکاندنی دیواربەندەکانەوە بچنە ژوورەوە".


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێک لە بەرگری شارستانی هەولێر لەبارەی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نزیکی کاتژمێر ٧:٠٠ تیمەکانیان ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری کانی گەلی – هەولێر و دەستبەجێ تیمەکانیان ئاراستەی ناوچەکە کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگایەکی تایبەت بوو بە مادەی پاککەرەوە، لەبەر هەبوونی ماددەی سوتێنەر وەک کارتۆن و پلاستیک لە کۆگاکەدا کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کاتی دەوێت و تا ئێستا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.

باسی لەوەش کرد، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە هەوڵدەدەن ئاستی ئاو لە کۆگاکەدا بەرزبکەنەوە و بۆ ئەومەبەستەش تیمەکانی بەرگی شارستانی هەوڵدەدەن لەرێگای شکاندنی پلێت و دیواربەندی کۆگاکەوە، سۆندەی ئاوەکان رەوانەی ناو کۆگاکە بکەن. وتیشی، " لەماوەی ١٢ کاتژمێردا ئەمە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە هەولێر".

ئەوەشی خستە روو، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا لە سنوری هەولێر و دەوروبەری ٧١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و هەڵدێران تۆمارکراوە کە بەهۆیانەوە ١٧ کەس گیانیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە چاوگێک لە بەرگری شارستانی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی تەقینی غازەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگای غازی نەورۆز لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.













گەلەری