سەردێڕ:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی حوزەیراندا نرخی نەوت دەستی بە دابەزین کرد

AM:08:21:24/05/2024

928 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی هاتنی قۆناغی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لەلایەن وڵاتانی بەژداربوو لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس، نرخی نەوت بەرێژەی ٠.١٢٪ دەستی بەدابەزین کردووە و لە ئێستاشدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨١ دۆلار و ٣٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.


ئەمڕۆ هەینی، دابەزینی نرخی نەوت و نزیکبوونەوەی وادەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان کاریگەرییەکی راستەوخۆ و گەورەی لەسەر نەوتی رۆژئاوایی تێکساس جێهێشتووە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس لە ٨٠ دۆلارەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستاشدا بە ٧٦ دۆلار و ٨٥ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەبەرامبەریشدا، چاوگێک لە کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەس بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، رێکخراوەکە دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ دووبارە درێژکردنەوەی وادەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بە خواستی بازاڕەکانی جیهاندەدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدەن لەرێگای گۆڕانکارییەکانەوە و بە دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوتی وڵاتانی بەژداربوو لە رێکخراوەکە بازارەکانی جیهان سەقامگیربکەن ، ئەوەش وادەکات نرخی نەوت سەقامگیربوون بەخۆیەوە ببینێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس، لە مانگی ئازاردا بەمەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت لە خوار ٩٠ دۆلارەوە وادەی کەمکردنەوەی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس و وڵاتانی خۆبەخش لە نێویشیاندا عێراقی تا مانگی حوزەیران درێژکردەوە.













گەلەری