سەردێڕ:

لەبارەی بانکە سزادراوەکان؛ بانکی ناوەندی بڕیارێکی نوێی دا

PM:05:34:23/05/2024

5812 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی چاکسازی بانکە سزادراوەکاندا بڕیاردرا کە بەشێک لە تێکڕای فرۆشی بانکی ناوەندی کە زیاتر نەبێت لە ٨٪ـی ئاستی رۆژانە بدرێتە بانکەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە بانکی ناوەندی لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بانکە سزادراوەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتن بۆ دروستکردنی لیژنەی چاکسازی، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەیەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ بانکە سزادراوەکان، گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمی فرۆشی دۆلار کردووە و لەهەمان کاتیشدا تاوتوێی رێژەی فرۆشی دۆلاریان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن کە کاریگەری سزای بانکەکان لەسەر ئابووری عێراق کەمتر بکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکان هاوکاردەبێت لە دابەزینی زیاتری نرخی دۆلار و لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ئابووری ناوخۆ و سەرجەم بانکەکان و متمانەی هاوڵاتیان بە مامەڵە داراییە ئەلیکترۆنییەکان بەرزتر دەکاتەوە. وتیشی، " دەستمان بە مۆڵەتپێدان بە بانکە ئەلیکترۆنییەکان کردووە و داواشکراوە کە بەشداربن لە لیژنەی چاکسازی و داڕشتنەوەی پلانەکانی بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی ژێرخانی دراوی نیشتمانی".

بانکە سزادراوەکان کەی دەگەڕێنەوە بۆ فرۆشی ئاشکرای بانکی ناوەندی؟

تا ئەوکاتەی سەرجەم رێکارەکانی لیژنەی چاکسازی ئەنجامدەدەن ناوی ئەو بانکانەی لە فرۆشی ئاشکرای بانکی ناوەندیدا دەبن ئاشکرا ناکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاردراوە کە پێدانی ئاستی فرۆشی رۆژانە بەو بانکانە کەمتر نەبێت لە ٢٪ و زیاتر نەبێت لە ٨٪ـی فرۆشی رۆژانەی بانکی ناوەندی و ئەو رێژەیەش بەرامبەرە بە دوو ملیۆن تا ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ بانکە سزادراوەکان.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەیە بتوانن بانکەکان ئاڕاستەی چاکسازی بکەن بۆیە تەنها مامەڵە ناوخۆییەکان ئەنجامدەدەن تا ماوەیەک کە بۆیان دیاریکراوە. وتیشی، " هەر بانکێک لەو قۆناغەدا دەرنەچێت ئەوا سزاکان لەسەری بەردەوامی دەبێت و تا ئەوکاتەش بانکەکان ئاشکراناکرێن ئەوەش بە ئامانجی رێگریکردن لە هەڵاوسان و ناوبانگی بانکەکان لە ناوخۆدا".

عێراق وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی سزادراو سزاکانی لەسەر هەڵگیرا؛

رۆژی ٢١ـی ئایار لە کۆڕبەندی ئابووری وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەفریقا رێکخراوی دارایی ئەفریقا، عێراقی وەک وڵاتێکی سەلامەت و پابەند بە چاکسازی بانکیی نێودەوڵەتی ناوبرد.

هەر لە کۆڕبەندەکەشدا باس لەوەکرا، عێراق لە پلەی یەکەم دێت کە بتوانێت لە کەمترین ماوەدا چاکسازی لە بانکەکاندا بکات و لەرێگای چەندین میکانیزمەوە رێگەی لە سپیکردنەوەی دۆلار و دراوە بیانییەکان گرتووە ئەوەش وادەکات عێراق بێتە ناو بازنەی وڵاتە متمانەپێکراوەکان لە سیستمی بانکیدا.

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری