سەردێڕ:

نزیکەی هەزار ئاوارە لە کەمپێکی سلێمانییەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

PM:04:52:23/05/2024

5628 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی هەزار ئاوارە لە کەمپی "ئاشتی"ـیەوە کە دوا کەمپە لە سلێمانی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوا. دەشڵێت، "هاوکاری دارایی بە بڕی چوار ملیۆن دینار بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش کراوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ٩٣٥ ئاوارە لە کەمپی ئاشتییەوە لە پارێزگای سلێمانی گەڕانەوە زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ٩٣٥ ئاوارەیە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە ناوچەی بەلەد سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

باسی لەوەش کرد، کادیرانی سەر بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هاوکاری داراییان بە بڕی چوار ملیۆن دینار بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەشکرد، ئەوە جگە لە دابینکردنی چەندین کەلوپەل و پێداویستی ناوماڵ و کەرەستەی فریاگوزاری بۆیان.

ئەوەشی خستە روو، پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە بە ئاوارەکان لەچوارچێوەی رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە بە مەبەستی هاندانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بەبێ ناچارکردنیان، پێش وادەی داخستنی سەرجەم کەمپەکان و کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون لە ٣٠ـی تەمموزی داهاتوودا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ـی ئایار، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و زیاتر لە ٧٨٥ ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی ئیسیان و مام رەشان لە دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال.













گەلەری