سەردێڕ:

باڵوێزخانەی بەریتانیا و شاسوار عەبدولواحید جەختیان کردەوە لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا

PM:10:02:18/04/2024

1772 جار خوێندراوەتەوە

باڵوێزخانەی بەریتانیا و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی بەریتانیا راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی هەرێمدا کۆبوونەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بۆ دیموکراسی و پێشکەوتن لە پرسە سەرەکییەکان و سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندێکی بەریتانیا سەردانی شاسوار عەبدولواحیدیان کرد و گفتوگۆیان لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد. نەوەی نوێش رایگەیاند پێداگری دەکەن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا.

هاوکات، دوێنێ چوارشەممە، هەریەکە لە کونسوڵى ئەڵمانیا و روسیا لە هەرێم بە جیا سەردانى شاسوار عەبدولواحیدیان کرد و باسیان لە دۆخى هەرێم و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کرد.

نەوەى نوێش رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا بەڕێوە بچێت، ئەگەرنا خەڵکی هەرێم رووبەڕووی مەترسى دەبنەوە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، چارەسەرى هەموو کێشەکانی هەرێم و مووچە و کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بە هەڵبژاردن و هاتنە کایەتى حکومەتێکی نوێ چارەسەر دەبن.


No description available.

 



 


 













گەلەری