سەردێڕ:

نرخی دۆلار زیاتر دابەزی

AM:10:07:18/04/2024

40392 جار خوێندراوەتەوە

لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم، لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ١٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ کاتی کردنەوەی بازاڕەکان، نرخەکەی دابەزیوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێم، ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٨ هەزار و ٣٠٠ دینار مامەڵەی پێوە کرا و لە ئێستاشدا بۆ ١٤٨ هەزار و ١٠٠ دینار دابەزیوە.

هاوکات، بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراو، نرخی ١٠٠ دۆلار نزیکەی ٦٥٠ دینار دابەزیوە.

دوێنێ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ٢٦١ ملیۆن دۆلاریان کردووەتە بازاڕەوە، لەو بڕەش، زیاتر لە ٢٤٧ ملیۆن دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و زیاتر لە ١٤ ملیۆن دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.

لەلایەکی دیکەوە، سەڵاح بوشی، راوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا رۆڵی باشی دەبێت لە کەمکردنەوەی سزا داراییەکانی سەر عێراق و لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆلار بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، عائد هیلالی، ئەندامی شاندەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە بواری داراییدا و رێکارەکان بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی نرخی دۆلار دەڕۆن و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو نرخی دۆلار روو لە دابەزین بکات.

ئەوەشی خستە روو، رێکارەکان بەرەو کۆنترۆڵی تەواوی نرخی دۆلار دەڕۆن و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو نرخی دۆلار روو لە دابەزین بکات.













گەلەری