سەردێڕ:

عێراق چەند گرێبەستێکی لە بوارەکانی وزە و دەرماندا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کرد

AM:09:01:18/04/2024

992 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، شاندی عێراق ١٩ گرێبەستی لە بوارەکانی وزە و دەرماندا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کرد.


نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سودانی، شاندی عێراق ١٩ گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەان لە بوارەکانی وزە و دەرماندا واژۆ کردووە.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، گرێبەستەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیدان و بەشێکی گرێبەستەکان تایبەتن بە کەرتی تایبەت لە عێراقدا، بەشێکی تریشیان لەلایەن وەزارەتى نەوت و کارەبا و سندوقى عێراق بۆ گەشەپێدان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى ئەمریکى واژۆ کراون.

لەلایەکی دیکەوە، یەحیا رەسول، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکەی عێراق گرێبەستێکى ٥٠٠ ملیۆن دۆلارى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا واژو کردووە بۆ پەرەپێدانى هێزە سەربازى و ئەمنییەکانى عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، ١٤ـی ئەم مانگە، شاندى عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی گەیشتە ئەمریکا و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەندین بەرپرسی دیکەی واشنتۆن کۆبوونەوە و پرسی ئابوری و وەزەی عێراق یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکان لەگەڵ بابەتى دۆلار و لابردنى سزای سەر بانکە عێراقییەکان و ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق.













گەلەری