سەردێڕ:

پنتاگۆن: ئەمریکا نایەوێت لەگەڵ ئێراندا بچێتە جەنگەوە

PM:11:54:17/04/2024

1412 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا نایەوێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بچێتە جەنگەوە و بڕیاری وەڵامدانەوەی ئێران پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، سابرینا سینگ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە پێشینەی کارەکانی واشنتۆنە و ئەمریکا نایەوێت ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەبسێنن و فراوانبن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری وەڵامدانەوەی ئێران پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە و ئەمریکا نایەوێت لەگەڵ ئێراندا بچێتە شەڕێکی راستەوخۆوە.

 

لە چەند رۆژی رابردوودا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا پەیوەندیییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یواڤ گالانت هاوتا ئیسڕائیلییەکی ئەنجامدا و لەوبارەیەوە ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس رایگەیاند، یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ رێگەیەک نییە جگە لە وەڵامدانەوە و ناتوانرێت لە بەرامبەر هەڵدانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێدەنگ بمێننەوە.

دوێنێ سێشەممە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بە شیوەیەکی توند و خێرا وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بۆ بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان ئەنجام بدرێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، درەنگانی شەوی ١٣ی ئەم مانگە ئێران لە رێگەی سەدان موشەکی کروز و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ بۆردومانکردنی کوسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بوە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران.













گەلەری